هه‌رێمی كوردستان مه‌رجی ته‌عجیزی‌ به‌غدا ره‌تده‌كاته‌وه‌

به‌رده‌وامی ناكۆكییه‌كان له‌ باره‌ی بودجه‌ی عێراق

شاندی حكومەتی ھەرێم بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا
شاندی حكومەتی ھەرێم بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا

K24 – ھەولێر:

شاندی دانوستکاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ژمارەیەک کۆبوونەوەیان ئەنجامدا، تایبەت بە پشکی ھەرێم لە پرۆژە بودجەی ساڵی 2021.

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و شاندنی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە سەر مێزی گفتوگۆدان و تایبەت بە پرۆژە بوودجەی 2021 دانوستان لە سەر پشکی ھەرێم دەکەن، ئەو پشکەی ھەردوو حکومەت پێشتر لە سەری رێکەوتبون، لە پرۆژە بوودجەی ساڵی 2021 بە 164 ترلیۆن خەملێندراوە. پشکی ھەرێم لەو بوودجەیە نزیکەی 14 ترلیۆنە. دوو ماددەی سەرەکیی رەشنوسی یاساکە باس لە ئەرک و پابەندبوونی ھەردوو حکومەت دەکەن، بە تایبەت بڕگەی جیمی مادەی 10، کە تیشکی خستووەتە سەر رادەستکردنی داھاتی نەوت بەو نرخەی، کە کۆمپانیای سۆمۆ دەیفرۆشیت، بەڵام حکومەتی ھەرێم بە نزیکەی 10 دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک نەوت، لەو نرخەی سۆمۆ کەمتر دەیفرۆشێت، ئەمەش خاڵی سەرەکی ناکۆکیەکەیانە و ھەوڵی بەیەک گەشتنی بۆ دەدەن.

ئەحمەد سەفاڕ بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند: لە پرۆژە بودجەکە، ھەرێم پابەندکراوە بە رادەستکردنی داھاتی 250 ھەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە نرخی فرۆشتنی کۆمپانیای سۆمۆ، حکومەتی ھەرێمیش بە 10 دۆلار کەمتر لەو نرخەی سۆمۆ نەوت دەفرۆشێت، ئەمەش خاڵی سەرەکی ناکۆکییەکەیانە و ھەوڵی چارەسەركردنی ده‌درێت.

بە پێی مادەی 14ی دەستور دەبێت ھەرێم 50%ی داھاتە نەوتی و نانەوتییەکانی رادەستی حکومەتی عێراق بکات، بەرامبەر بەو پشکەی، کە لە بوودجە بۆی دیاریکراوە، لە رەشنوسی بوودجەی 2021 ، باس لە رادەستکردنی 250 ھەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و تەواوی داھاتە نانەوتیەکان دەکات. حکومەتی ھەرێم بەمەش رازییە، بەڵام ئەوەی جێگای ترسی حکومەتی ھەرێمە ھاوشێوەی پرۆژە یاسایی قەرز، داواکاری تەعجیزی بخرێتە نێو پرۆژە بودجەکەوە.

ھەوڵەکانی شاندی حکومەتی ھەرێم بۆ ریكکەوتنی تۆکمەیە لەگەڵ لیژنەی دارایی، تاکو ئەو رێکەوتنە رێگا خۆشکەر بێت بۆ پەسەندکردنی پشکی ھەرێم لە پەرلەمانی عێراق، لە ئەگەری رێکنەکەوتنیش ھەوڵ دەدرێت شاندێکی باڵاتر لە ھەرێمی کوردستانەوە سەردانی بەغدا بکەن بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان ئەنجام بدەن.