بڵاوبوونهوهی ڤیدیۆیهك لهبارهی ڤێلای "پوتن" ههرادهنێتهوه
"ئەوە هی من نییە، ئەوە هی (10) ساڵ لەمەوبەره، ئێستا دەرفەتیان بۆ هاتووەتە پێش، دەیانەوێت مێشکی خەڵکی رووسیا بشۆنەوە."
K24 - ههولێر:
دوای دەستگیرکردنی لەلایەن پۆلیسی رووسیاوە، تیمی ئەلێکسی ناڤاڵنی سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی رووسیا، ڤیدیۆیەکی (2) کاتژمێریان بڵاوکردووەتەوە، تێیدا زانیاری ورد لەسەر ڤێلایەکی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا دەخەنەڕوو، گوایه بەپارەی باجی خەڵکی رووسیا درووستی کردووە. پوتن رەتیدەکاتەوە ڤێلا و باڵەخانەی لەوشێوەی هەبێت، ناڤاڵنیش جهختی كردهوه، دامەزراوەی رووبەڕووبوونەوە و نەهێشتی گەندەڵی، هەموو بەڵگەیەکیان خستووەتەڕوو، ڤێلاکەی پوتن گەورەترین و گرانبەهاترین باڵەخانەیە لە رووسیا و لەسەر دەریای رەش، بە بەهای ملیارێک و (500) ملیۆن دۆلار دروستکراوە.
گەورەترین و گرانبەهاترین ڤێلا لە رووسیا لەسەر دەریای رەش، دامەزراوەی رووبەڕووبوونەوە و نەهێشتنی گەندەڵی و ستافێکی تایبەتی ئەلێکسی ناڤاڵنی، لە رێگەی درۆنەوە وێنەیان گرتووە. ئاماژهیان بهوه كردووه، لە هیچ شوێنێکی رووسیا هاوشێوەی ئەم باڵەخانەیە نییە، پوتن لە باج و پارەی خەڵکی بۆ خۆی درووستیکردووە.
ئەلێکس ناڤاڵنی، سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی رووسیا گوتی: "بەبێ هیچ زیادەڕۆییەک، گەورەترین ڤێلای شاراوەیە لە رووسیا و هەموو شتێکی تێدا دروستکراوە، بەتەواوی پارێزراوە و فڕۆکەش بۆی نییە بەسەریدا بفرێت، دەتوانین بڵێین شارێکی تەواوە، دیواری راگر و بەندەری تایبەت و کەنار دەریا و کەنیسە و مەلەوانگە و یاریگە و زۆر شتی دیکە، كه وەک وڵاتێکی دیکەیە لەناو رووسیادا."
وردەکاری دروستکردنی ڤیلاکە لەلایەن کۆمپانیا و ئەو کەسانەی کاریان تێدا کردووە دزەی پێکراوە. لەژێر ئەو ناوچە سەوزاییەشدا یاریگەیەکی تایبەتی یاری سەر سەهۆڵ ههیه. پوتن بەتەنیا سینەمایەکیشی بۆخۆی دروستکردوە. لهناو ڤێلاکەیەوە بە تونێلێك دێتە سەر دەریای رەش بۆ مەلەوانی. بڵابوونەوەی ئەم ڤیدیۆیه لەمکاتەدا کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و پوتن وەڵام دەداتەوە و دهڵێت: "ئەوەی لەو راپۆرتەدا باسکراوە هی من نییە و موڵکی هیچ کەسێکی نزیکی منیش نییە. ئەوەی لەو راپۆرتەدا باس لەو ڤیلایە کراوە هی 10 ساڵ لەمەوبەره. ئێستا دەرفەتیان بۆ هاتووەتە پێش و دەیانەوێت مێشکی خەڵکی رووسیا بشۆنەوە."
ڤیدیۆی ڤێلاکەی پوتن (5) رۆژه بڵاوبووەتەوە و زیاتر له (88) ملیۆن کەس بینیویان، هاوکاتە لەگەڵ خۆپیشاندانی لایەنگرانی سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی رووسیا، کە تا ئێستا زیاتر لە 3 هەزار و 500 کەسیان دەستگیرکراون. کرملین دەڵێت: ناردنەوەی ئەلێکسی ناڤاڵنی بۆ رووسیا و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ ناڕاست و هاندانی خەڵکی بۆ خۆپیشاندان لەمکاتەدا، هەوڵێکی وڵاتانی ئەوروپا و رۆژئاوایە بۆ دەستێوەرادن لە کاروباری ناوخۆی رووسیا و نانەوەی پشێووی.
د.ی