ئەمهریكا سەرمایەدارێكی عێراقی بە ساختەكردن لە گرێبەستەكانیان لەگەڵ بهغدا تۆمهتبار دهكات
وەزارەتی دادی ئەمهریكا، خاوەنی كۆمپانیای " ئای سی سی بی" بەوە تۆمەتبار كرد، كە دەستی لە ساختەكردن و بەرتیلدا ھەبووە و بەناوی ئاوەدانكردنەوەی عێراقەوە ئەنجامیداوە
 
                        K24 – ههولێر:
وەزارەتی دادی ئەمهریكا، خاوەنی كۆمپانیای " ئای سی سی بی" بەوە تۆمەتبار كرد، كە دەستی لە ساختەكردن و بەرتیلدا ھەبووە و بەناوی ئاوەدانكردنەوەی عێراقەوە ئەنجامیداوە، بەرامبەر بە زیاتر لە ملیۆنێك دۆلار بەرتیل، ئەندازیارێكی ئەمهریكی بەوە راسپراردووە زانیاری نھێنی رادەستبكات، لە بەرامبەریشدا خاوەنی كۆمپانیاكە ئەو زانیارییانەی بۆ دەستكەوتنی گرێبەست بە ملیۆنان دۆلار بەكارھێناوە.
وەزارەتی دادی ئەمریكا ، بەریتانییەكی بە رەگەز عێراقی تۆمەتبار كرد بەوەی كە دەستی لە پلانەكانی بەرتیل و ئەنجامدانی تاوانی ساختەکاری لە پڕۆژەكانی دووبارە ئاوەدانكردنەوەی عێراقدا ھەیە.
وەزارەتی دادی ئەمهریكا لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەیدا، شوان ئەلموللا پێشتر لە نوسینگەی راوێژكاری و بونیادنانی عێراق کاریکردووە، دەستی لە دەستبەسەرداگرتن و بەرتیل هەبووە، لەو رێگەیەشەوە ملیۆنان دۆلار لە پارەی فەیلەقی ئەندازیاران لە ھێزی ئەمریكی " یو ئێس ئی سی ئی" بەھەدەر دراوە كە تایبەتە بە گرێبەستەكانی دووبارە ئاوەدانكردنەوەی عێراق.
بەگوێرەی لیستی تۆمەتبارەكان لە پرۆسەكەدا، شوان ئەلموللا خۆی شاردووەتەوە، 7 تۆمەتی خراوەتە پاڵ بەوەی كە دەستی لە ساختەكردنی ئەلیكترۆنیدا ھەبووە، كە تایبەتە بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی دەستەی نەزاھەی عێراق و ھەروەھا تۆمەتێكی دیكەش كە تایبەتە بە ئەنجامدانی تاوانی بەرتیل و ساختەكاری بەرامبەر بە حكومەتی ئەمهریكا.
بەگوێرەی لیستی تۆمەتەكان كە لەلایەن وەزارەتی دادی ئەمهریكا بڵاوبووەتەوە، ساڵی 2003 موللا كۆمپانیای "ئای سی سی بی" دامەزراندووە، لە نێوان ساڵەكانی 2007 و 2009 ـش موللا و چەند كەسێك لە كۆمپانیاكەیدا زیاتر لە ملیۆنێك دۆلاریان وەك بەرتیل بە ئەندازیارێک لە ھێزی ئەمهریكا داوە، بەرامبەر بەوەی كە بە ملیۆنان دۆلاری تایبەت بە گرێبەستەكانی دووبارە ئاوەدانكردنەوەی عێراق بە كۆمپانیاكەی بدەن.
ھاوكات لەبەرامبەر زیاتر لە ملیۆنێك دۆلار بەرتیل، ئەندازیارە ئەمهریكییەكە زانیاری نھێنی تایبەت بە هێزی ئەمهریکا بە موللا و ھاوبەشەكانی داوە، لە بەرامبەریشدا خاوەنی كۆمپانیای "ئای سی سی بی"و ھابەشەكانی ئەو زانیارییانەیان بۆ دەستكەوتنی گرێبەست بە ملیۆنان دۆلار بەكارھێناوە، كە یەكێك لەو گرێبەستانە بەبەھای 6 ملیۆن و 200 ھەزار دۆلاری ئەمهریكی بووە بۆ ئەوەی لە رێگەیەوە چاكسازی لە ژێرخانی پاڵاوتگەی نەوتی بێجی ئەنجامبدەن.
بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتەكە، گەورەترین سزا لە سەر تاوانەكانی دەستبەسەرداگرتندا لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی نەزاھە دەگاتە 20 ساڵ زیندانیكردن و 250 ھەزار دۆلاریش وەك سزا، ھەرچی سزای بەشداریكردنە لە بەرتیل و دەستبەسەرداگرتنە بەرامبەر بە حكومەتی ئەمهریكا 5 ساڵ زیندانیكردنە و بڕی سزاكەش دەگاتە 250 ھەزار دۆلار.
شوان ئەلموللا سەرمایەدارێكی عێراقییە و خاوەنی كۆمپانیای "ئای سی سی بی" بووە و ھەروەھا پێشتر لە نوسینگەی راوێژكاری و بونیادنانی عێراق کاریکردووە، لە چەند ساڵی رابردووشدا ھەموو هەوڵێکی داوە بۆ ئەوەی لە دووبارە ئاوەدانكردنەوەی عێراق لە رێگەی پڕۆژەكانی وەك ئیمپایر وۆرڵد و ھەروەھا شاری پیشەسازی و بازرگانی بەشدار بێت، ئەوە بێجگە لە روڵی لە كەرتە تایبەتەكاندا.
