ژاپۆن.. ژنێک 10 ساڵ تەرمی دایکی لەنێو بەفرگری ماڵەوە حەشارداوە
کە لە شوقەکەی دەرکراوە، کارمەندێکی پاککردنەوە دۆزیویەتییەوە
K24 - هەولێر
ژنێکی ژاپۆنی کە بۆ ماوەی 10 ساڵ تەرمی دایکی لەنێو بەفرگری ماڵەوە حەشارداوە، بە پۆلیسی گوتووە لەترسی ئەوەی لە ماڵەکەی دەرنەکرێت، ئەم کارەی کردووە.
پۆلیس دەڵێ، یومی یۆشینۆ، ژنێکی تەمەن 48 ساڵە، دەستبەسەرکراوە بەهۆی شاردنەوەی تەرمی ژنێک لەنێو بەفرگر لە شوقەیەکی تۆکیۆ. تەرمەکە رۆژی چوارشەممەی رابردوو دۆزراوەتەوە.
بەپێی سەرچاوەکانی پۆلیس کە قسەیان بۆ میدیای ناوخۆیی ژاپۆن کردووە، ئەو ژنە بۆ ماوەی 10 ساڵ تەرمی دایکی شاردووەتەوە، چونکە نەیویستووە لەو ماڵە بگوازێتەوە، کە پێش مردنی دایکی بەیەکەوە لێی دەژیان.
ماڵپەڕی کیۆدۆی ژاپۆنی نووسیویەتی: دایکەکە لە شەستەکانی تەمەنیدا بووە کاتێک کۆچی دوایی کردووە. ئەو شوقەیەش بە کرێ بە ناوی ئەو تۆمارکراوە.
یۆشینۆ بەهۆی نەدانی کرێ بە زۆر لە نیوەی ئەم مانگە لە شوقەکە دەرکراوە، کارمەندێکی پاککەرەوەش تەرمی "دایکەکەی" لەنێو بەرفرگرێکی حەشاردراو لەنێو کەنتۆرێکی شوقەکە دۆزیوەتەوە.
بەپێی راپۆرتی میدیاکانی ژاپۆن، توێکاری بۆ تەرمی ژنەکە کراوە، بەڵام نەتوانراوە کاتی گیانلەدەستدانی دیاریبکرێت.