سێ هێرشی خۆکوژیی رۆژئاوای بەغدایان کردە ئامانج
"کوژراو و برینداریان لێکەوتووەتەوە"

K24-هەولێر
سەرچاوە ئەمنییەکانی بەغدا رایانگەیاند سێ خۆکوژ بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی پۆلیس لە ناوچەیەکی رۆژئاوای پایتەختی عێراق و بوونە هۆی کوژران و برینداربوونی چەند کەسێک.
گوتەبێژی فەرماندەیی کردەوەکانی بەغدا عەمید سەعد معەن لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "هێزە ئەمنییەکان شکستیان بە هێرشیک هێنا بۆ سەر بنکەی پۆلیسی ئینتسار لە ناوچەی ئەلزیدانی سەر بە شارۆچکەی ئەبوغرێب لە رۆژئاوای بەغدا و سێ خۆکوژیان کوشت کە پشتێنەی بۆمبرێژکراویان پێبوو و هەوڵی چونە نێو بنکەکەیان دەدا".
گوتەبێژی فەرماندەیی کردەوەکانی بەغدا گوتیشی: "هێرشەکە بووە هۆی شەهیدبوونی پۆلیسێک و برینداربوونی چواری دیکە".
بەڵام بەپێی سەرچاوە ئەمنییەکانی دیکەی بەغدا بەهۆی هێرشەکەی ئەمڕۆ بۆ سەر بنکەی ئینتیساریان لە شارۆچکەی ئەبوغرێب 2 پۆلیس کوژراون کە یەکێکیان بەڕێوەبەری بنکەکەیە و 4 ی دیکەش برینداربوونە.
ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ سێ تەقینەوە ناوچەکانی سەدر و کازمییە و شەقامی رەبیعیان لە بەغدا کردە ئامانج و بە دەیان کوژراو و برینداریان لێکەوتەوە و رێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانیان راگەیاند.
ئا: ئا ، ف