جەمال کۆچەر: شایستەی جوتیارانی کوردستان لە پڕۆژەبودجەدا گەرەنتی کراوە

پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە

جەمال کۆچەر، پێشبینی دەکات لەم هەفتەیەدا دەنگدان بۆ پڕۆژەیاسای بودجە بکرێت، وێنە: ئەرشیڤ
جەمال کۆچەر، پێشبینی دەکات لەم هەفتەیەدا دەنگدان بۆ پڕۆژەیاسای بودجە بکرێت، وێنە: ئەرشیڤ

K24 - هەولێر

پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵی عێراق لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە و پێشبینی دەکرێت ئەم هەفتەیە بخرێتە دەنگدانەوە. ئەوەی لەو پرۆژە بودجەیەدا گەرەنتی کراوە، وەک ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق باسی دەکات: شایستەی دارایی جوتیارانی هەرێمی کوردستانە.

د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لیژنەکەیان لە ماوەیەکی نزیکدا کۆتایی بە خوێندنەوەی پڕۆژەیاسای بودجەی 2021ـی عێراق دەهێنێت، سەرەڕای ئەوەی لە چەندین بڕگەدا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی، لە گرنگترینیشیان پشکی هەرێمی کوردستانە کە تاوەکو ئێستا یەکلانەکراوەتەوە و دانوستاندنەکان لەو بارەیەوە بەردەوامن.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی هەروەها دەڵێت، شایستەی دارایی جوتیاران، بە جوتیارانی هەرێمی کوردستانەوە لە پرۆژەیاسای بودجەدا گەرەنتی کراوە، هەروەها ئاماژە بەوەش دەدات تاوەکو ئێستا بڕگەی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق یەکلایی نەکراوەتەوە.

د. جەمال کۆچەر، پێشبینی دەکات لەم هەفتەیەدا دەنگدان بۆ پڕۆژەیاسای بودجە بکرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران داوای کردبوو، بڕگەیەک لە پڕۆژەی بودجە زیادبکەن، بۆ ئەوەی شایستەی دارایی جوتیاران لە خەرجی سیادی جێگەی بکرێتەوە.