ئێران: پرسی كهشتییهكهی كۆریای باشوور یاساییه نهك سیاسی
بابەتێكە پەیوەستە بە پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و كۆریای باشوور
K24 – ھەولێر:
وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە، رایگەیاند، دەستبەسەرداگرتنی كەشتی نەوت گواستنەوەی كۆریای باشوور لە ئاوی ئێراندا، لە سەرەتای مانگی رابردوو، ھیچ پەیوەندییەكی بە پرسی پارە سڕكراوەكانی وڵاتەكەیەوە نیە.
لە میانی لێداوانێكی رۆژنامەوانیدا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەعید خەتیب زادە گوتی: چیرۆكی دەستبەسەرداگرتنی كەشتی نەوت گواستنەوەی كۆریای باشوور "ھانكۆك كیمی" لە لایەن پاسەوانانی كەناراوی ئێرانی، "تهواو تەكینكییە" و ھیچ پەیوەندیی بە بابەتی سڕكردنی پارەكانی ئێرانەوە نییە، بەڵكو بابەتێكە پەیوەستە بە پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و كۆریای باشوور.
گوتیشی: وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەشێوەیەكی چڕ ھاریكاری لەگەڵ دەزگاكانی دادوەری نیشتیمانی دەكات سەبارەت بە بابەتی دەستبەسەرداگرتنی "كیمی ھانكۆك".
پێشتر، دەزگا راگەیاندنەكانی رۆژئاوا، گریمانەی ئەوەیان دانا، كە لەوانەیە دەستبەسەرداگرتنی كەشتی نەوت ھەڵگری كۆریای باشوور لە لایەن پاسەوانانی كەناراوی ئێرانی، لە 4ی كانوونی دووەم، ھۆیەكەی سڕكردنی پارەكانی ئێران بێت لە لایەنە سیئۆڵەوە، كە گوژمەكەی 7 ملیار دۆلارە و لە ئەنجامی وەڵامدانەوەی داوای واشنتنە لە سەپاندنی سزاكان بەسەر ئێراندا.
لە لایەن خۆیەوە، تاران جەختیكردەوە لەوەی ھۆكارەكەی پیسكردنی ژینگە بووە لە لایەن ئەوە كەشتییەوە.
سەرچاوە: "تاس"