مۆڵەتی دوو پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە دھۆك ھەڵوەشایەوە

دەستەی وەبەرھێنان پڕۆژەكان رادەستی وەبەرھێنەرێكی نوێ دەكات

شوقەكانی ئارام ستی لە دھۆك
شوقەكانی ئارام ستی لە دھۆك

K24 – ھەولێر:

دەستەی وەبەرھێنانی هه‌رێمی كوردستان، بەھۆی پابەندنەبوونی وەبەرھێنەرەكان بەتەواوكردنی پڕۆژەكانیان، لەپارێزگای دھۆك مۆڵەتی دوو پڕۆژەی نیشتەجێبوونی ھەڵوەشاندەوە.

ھەر یەك لە پڕۆژەكانی "ئارام ستی" ماوەی (10) ساڵە كارەكانیان تەواو نەكردووە و پرۆژەی "شا ستی" (8)  ساڵە نەیانتوانیوە پڕۆژەكە رادەستی ھاووڵاتیان بكەن. دەستەی وەبەرھێنەرانیش بڕیاریداوە بەزووترین كات ئەو دوو پڕۆژەیە رادەستی وەبەرھێنەرێكی نوێ بكات.

لەو پڕۆژەیەدا ھەنێدك لە شوقەكان تاكو ئێستا سێ چوار جار فرۆشراون و فێڵ لە ھاووڵاتییان كراوە.

سەرۆكی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی كوردستان لەم بارەوە گوتی: "مافی ھیچ كەسێك نافەوتێت و ئەوان میكانیزمێكیان بۆ قەرەبووكردنەوەی زیان پێكەوتووان ئامادە كردووە".

(1244) ھاووڵاتی خۆیان ناونووس كردووە بۆ بەدەستھێنانی ئەو شوقانە، ھەر یەكێكیش لەوانە گوژمەیەكی پارەیان بە خاوەن پڕۆژەكە داوە، كە كۆی گشتی ئەو پارەیە نزیكەی (50) ملیۆن دۆلارە و ئەمە (10) ساڵە ھێشتا شوقەكانیان وەرنەگرتووە.