دوای 53 ساڵ لە ونکردنی کیفەکەی، بۆی دەگەڕێنرێتەوە
لە جەمسەری باشووری زەوی ونیکرد و گەڕێنرایەوە بەردەم ماڵەکەی لە ئەمەریکا
K24 - هەولێر
پۆڵ گریچام 53 ساڵ پێش ئێستا، کیف (جزدان)ـەکەی لە جەمسەری باشووری زەوی ونکرد، دوای تێپەڕینی ئەو ماوە زۆرەش، یەکشەممەی رابردوو بۆی گەڕێنرایەوە ماڵەوە.
پۆڵ ئێستا تەمەنی 91 ساڵە، پێش 53 ساڵ ئەو کیفەی ونکردووە و هەر لەبیریشی نەمابوو، کاتێک بە هەموو ئەو شتانەی لەنێویدابوو، بۆی گەڕێنرایەوە.
لەکاتێکدا لە سییەکانی تەمەنی بووە لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی رابردوو، پۆڵ وەکو شارەزای کەشوهەوا لە هێزی دەریایی ئەمەریکا کاریدەکرد و ئەوکاتە کیفەکەی ونکردووە.
پۆڵ، ئەمڕۆ قسەی بۆ رۆژنامەی سان دیێۆگۆ یونیەن تریبونی ئەمەریکی کردووە و گوتوویەتی "تووشی سەرسوڕمان بووم، ژمارەیەکی زۆر خەڵک خەریک بوون و بەشوێنمدا گەڕاون تاوەکو توانیان کیفەکە بگەیەننەوە دەستم".
کیفەکە لە ئەنتەرتیکا (جەمسەری باشووری زەوی) لەلایەن چەند کرێکارێک لە بنکەی ماکۆمردۆ دۆزراوەتەوە، لەنێویدا: ناسنامەی هێزی دەریایی ئەمەریکا، مۆڵەتی شۆفێری، کارتێک کە تێیدا رێنمایی نووسراوە دەبێت چی بکرێت لە ئەگەری هێرشێکی ناوەکیی بایۆلۆژی و کیمیایی، کارتی کۆبۆنی بیرە، داتای باج و و حەواڵەی دارایی کە بۆ هاوسەرەکەی ناردووە، تێدابووە.
بەڵام هیچ بڕە پارەیەک لەنێو کیفەکە نەبووە، چونکە لەو بنکە زانستییەدا، هیچ شتیک نەبووە بکڕدرێت و پارەی پێ خەرج بکریت.
پۆڵ، لە ساڵی 1948 پەیوەندی بە هێزی دەریایی ئەمەریکا کردووە و لەبواری کەشوهەوا کاری کردووە، دواتر بووەتە شارەزای کەشوهەوا و لە ساڵی 1967 وەکو بەشێک لە کارەکەی نێردراوەتە کیشوەری باشوور بۆ بەشداربوون لە ئۆپەراسیۆنی "دیپ فرێزەر".
هـ.ر.