هەواڵێکی ناخۆش بۆ ئەوانەی هەستیارییان هەیە

بڵاوبوونەوەی دەنکە هەڵاڵە
بڵاوبوونەوەی دەنکە هەڵاڵە

K24- هەولێر:

توێژینەوەیەکی نوێ، کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر ئەو کەسانەی کێشەی هەستیارییان هەیە دەردەخات.

بەگوێرەی توێژینەوەکە، بەهۆی گەرمبوونی زەوی لە ماوەی 30 ساڵی رابردوو، دەنکە هەڵاڵەی گوڵ و پاشماوەی گژوگیاکان لە هەوادا زۆر زیادی کردووە، ئەمەش وایکردووە، ئەو کەسانەی هەستیارییان لە بەهاردا هەیە، زیاتر دووچاری هەستیاریی ببن.

هەستیارییەکە لە بەهار دەستپێدەکات و هەندێکجار تاوەکو پایز کاریگەری لەسەر کەسە دەبێت. نیشانەکانی بریتین لە، تەڕبوونی لووت، پژمین، تەڕبوونی چاو و خورانی لووت.

توێژینەوەکە لە لایەن چەند پزیشکێکەوە ئەنجامدراوە و لە گۆڤاری ناشناڵ ئەکادیمی ساینس بڵاوکراوەتەوە.

ئەنجامی توێژینەوەکە ئەوەبووە، لە ساڵی 1990 تاوەکو 2019، نیشانەکانی هەستیاریی 20 رۆژ زووتر دەردەکەون و 10 رۆژ درەنگتر کۆتایی دێت. هەروەها رێژەی دەنگە هەڵاڵە لە هەوادا 21% زیادی کردووە.

ئەوەش ئاشکرا کراوە، لە چەند ساڵی داهاتوو، رێژەی هەستیاریی بەهۆی هەمان مەبەست زیاتر دەبێت و کاریگەری زیاتر لەسەر خەڵک دادەنێت ئەمەش بەهۆی پێشبینیکردنی گەرمبوونی زیاتری زەوی و گۆڕانی کەش و هەوا.

هەستیاریی لە بەهار یاخود دەردە بەهارە، هیچ چارەسەرێکی بنەڕەتی نییە، بەڵکو تەنها هەندێک رێگا هەن دەتوانن کاریگەرییەکانی کەمتر بکەنەوە.

 

Gizmodo