شارەزایانی رێكخراوی تەندروستی جیھانی لە چین شكستیان ھێنا
"گریمانەی دزەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە تاقیگەیەكەوە زۆر دوورە لە راستی"
K24 – ھەولێر:
دوای چوار ھەفتە لە وۆھان، شارەزایانی رێكخراوی تەندروستی جیھانی كه بۆ لێكۆڵینەوە لە شوێنی سەرھەڵدانی ڤایرۆسی كۆڤید-19 راسپێردراون، رایانگەیاند، ئەوان نەیانتوانیوە بنەچەی ڤایرۆسەكە ئاشكرا بكەن و تیۆری دەرچوونی لە تاقیگەیەكی وۆھان "زۆر دوورە لە راستی"، بەبێ ئەوەی بتوانن دەستنیشانی ئەو ئاژەڵەی بەرپرس لە گواستنەوەی پەتاكە بۆ مرۆڤ بكەن.
پیتەر بن ئمبارەك، سەرۆكی شاندی رێكخراوی تەندروستی جیھانی، كە لێكۆڵینەوەی لە بنكەی تەشەنەكردنی پەتاكە لە وۆھان دەكرد، گوتی: گواستنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لە ئاژەڵێكەوە بۆ یەكێكی دیكە و دواتر لە ئەوەوە بۆ مرۆڤ، یەكێكە لەو "گریمانانهی زیاتر مەزندە دەكرێت".
بەڵام گوتیشی: ئەم رێچكەیە، پێویستیی بە "لێكۆڵینەوەیەكی بەئامانجكردن و دەستنیشاكردنێكی وردتر ھەیە".
لیانگ وانیان، سەرۆكی تیمی چین لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ھیچ ئاماژەیەك نییە كه بهر له كانوونی یهكهمی ساڵی 2019 ڤایرۆسی سارس-كۆڤید2 لە نێوان دانیشواناندا بڵاوبووبێتهوه".
گوتیشی: "بەڵگەی تەواو نییە" بۆ دەستنیشانكردنی ئەوەی كە ڤایرۆسەكە بهر لهو كاته لە شارەكە بڵاوبووبێتەوە. ئاماژەی بهوهش كرد، مەزندە دەكرێت پەتاكە لە ئاژەڵێكەوە گوازرابێتەوە، بەڵام تا ئێستا "وەرگرەكە نەناسراوە".
لەوەتەی یەكەم تووشبوون بە كۆڤید-19 لە وۆھان تۆماركراوە، تا ئێستا ژیانی 2 ملیۆن و 300 ههزار كەسی لە جیھان لە ناوبردووە.
سەرۆكی شاندی رێكخراوی تەندروستی جیھانی بۆ وۆھان رایگەیاند، گریمانەی دزەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە تاقیگەیەكەوە "زۆر دوورە لە راستی".
ئەو شارەزایەی پۆستی بەڕێوەبەری بەشدار لەبەرنامەی تەندروستی مرۆڤی و ئاژەڵی لە پەیمانگهی نێودەوڵەتی بۆ لێكۆڵینەوە لە سامانی ئاژەڵی لە نیرۆبی، گوتی: لە ناواخنی توێژینەوەداین و پێویستمان بە كاتە بۆ تێگەیشتن" لەوەی روویداوە.