سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی پشتیوانی بۆ تیمی دانووستانكاری حكومه‌تی هه‌رێم دووپاتكرده‌وه
هاوكات فراكسیۆنی یەكێتی لە ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقی راسپارد، كە هاوكار و پشتیوانی تیمەكە بێت
K24 – هه‌ولێر:
ئەنجوومەنی سەركردایەتی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، كۆبوویه‌وه و له راگه‌یه‌ندراوی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا "پشتیوانی بۆ تیمی دانووستاندنی حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی ئیتیحادی دووپاتكرده‌وه و هاوكات فراكسیۆنی یەكێتی لە ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقی راسپارد، كە هاوكار و پشتیوانی تیمەكە بێت".
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی كۆبوونه‌وه‌كه، ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی پێداگیری له سه‌ر سیستمی ناناوه‌ندێتی كارگێڕی و دارایی له چوارچێوه‌ی هه‌رێمی كوردستان كردووه و هه‌روه‌ها پشتیوانی خۆی بۆ تیمی دانووستاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ئیتیجادی ده‌ربڕوه.
ئاماژه به‌وه‌شكراوه، ئه‌نجوومه‌نه‌كه "فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقی راسپارد، كە هاوكار و پشتیوانی تیمەكە بێت".
له به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه: "چاككردنی دۆخی گوزەران و ژیانی خەڵكی كوردستان. لەم بارەیەوە رێككەوتن لەچوارچێوەی دەستوری عێراق بۆ بەدەستهێنانی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لەبودجەی 2021دا، بەپێویست زانرا".