سهرۆك بارزانی: تێكشكاندنی تیرۆر هەوڵێكی هەمەلایەنە و فرەڕەهەندی پێویستە
سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی دانیمارك لە عێراق دەكات
K24 - ههولێر:
ڕۆژی سێشەممە 16ـی شوباتی 2021 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ستیگ پاوڵۆ پیراس باڵیۆزی دانیمارك لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا باڵیۆزی دانیمارك لە عێراق نیگەرانی خۆی بۆ هێرشە مووشەكییەكەی شەوی رابردوو بۆ سەر شاری هەولێر نیشان دا و پێزانینیشی هەبوو بۆ ئەو سەقامگیری و ئارامی و پێشكەوتنەی لە ساڵانی رابردووەوە ئێستا لە هەرێمی كوردستان هاتووەتە ئاراوە.
باڵیۆزی دانیمارك لە عێراق ئەوەشی خستەڕوو وڵاتەكەی هاوبەشی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی تیرۆر و بەشدار بووە لە مەشق و ڕاهێنان بە هێزەكانی عێراقی و هێزی پێشمەرگەی كوردستان. جەختیشی لەوە كردەوە كە پێویستە كێشەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵ لە ڕێگەی ئاشتی و دیالۆگ چارەسەر بكرێت.
هەر لەو كۆوبوونەوەیەدا پەیوەست بە هەڕەشەی تیرۆر، سەرۆك بارزانی ئەوەی راگەیاند كە تێكشكاندنی تیرۆر هەوڵێكی هەمەلایەنە و فرەڕەهەندی پێویستە. راستە ئێستا داعش لەڕووی سەربازییەوە شكاوە، بەڵام ئەو هۆكارانەی كە بوونەتە هۆی سەرهەڵدان و بەهێزبوونی تیرۆر وەك خۆیان ماونەتەوە. لەبارەی كێشەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵ، سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە: پێویستە ئەو كێشانە لەڕێگەی دیالۆگ و لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بكرێن. جێبەجێكردنی دەستووری عێراق سەقامگیریی لێ دەكەوێتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی پێكهاتەكانی عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ یەكتردا بژین.
بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و عێراق و هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق، تەوەری دیكەی ئەو كۆبوونەوەیە بوون.