"دەتانەوێت هەولێریش وەکو بەغدا کاول بکەن؟"

سیاسەتمەدارێکی عێراقی: کەوتووینەتە سەردەمێک کە دەبینە دوژمنی جوانییەکان و پاکییەکان؟

حەسەن عەلەوی، سیاسەتمەداری عێراقی
حەسەن عەلەوی، سیاسەتمەداری عێراقی

K24 - هەولێر

"ئایا کەوتووینەتە ئەو کاتەی ببینە دوژمنی جوانییەکان و پاکییەکان؟"، حەسەن عەلەوی سیاسەتمەداری عێراقی ئەم پرسیارە دەکات، لەکاتێکدا زۆر بە تووندی ئیدانەی هێرشکردنە سەر هەولێر دەکات.

سیاسەتمەدارێکی عێراقی بە نووسراوێک رەخنە لە هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی سەر هەولێر دەگرێت، کە بووە هۆی کوژرانی کەسێک و برینداربوونی زیاتر لە هەشت کەسی دیکە، داواش دەکات رۆژنامەنووس و سیاسییەکانی عێراق قبوڵی نەکەن هەولێر وەکو بەغدای لیبێت و هەڵوێست وەربگرن.

دەقی نووسراوەکەی حەسەن عەلەوی:

زۆر بەتووندی لێدان بە مووشەک لە جوانترین پایتەختی عێراق کە هەولێرە، ئیدانە دەکەم، ئایا کەوتووینەتە سەردەمێک کە دەبینە دوژمنی جوانییەکان، دوژمنی پاکییەکان؟ ئایا دەتانەوێت هەولێریش وەکو بەغدا کاول بێت؟.

لێدان بە مووشەک، لێدانە لە شارستانییەت و کاولکردنی، کاولکردنی ئەوەی کورد بۆ پایتەختەکەیان هەولێر، بنیاتیانناوە، کە پایتەختێکی عێراقیشە. دەبوو ئێستا رۆشنبیرانی عێراقی، رۆژنامەنووسانی عێراقی، سیاسییانی عێراقی دەست بە خۆپیشاندان بکەن بۆ ئیدانەکردنی لێدان لە هەولێر.

هەولێر چی لیکردوون تاوەکو لێی بدەن؟ چی لە ئێوە بردووە تاوەکو لێ بدەن؟ هەولێر (ئەو شارەی) بەردەوام فڕۆکەی سوخۆیمان بۆ دەنارد تاوەکو لێی بدەن، چەپکە گوڵمان بۆ نەدەناردن، چەپکە مووشەکمان بۆ ناردن، پێویستە سەرکردەکانی عەرەب سوود لە ئەزموونی کورد لە بنیادنانی شارستانی و بە نموونە هەولێر وەربگرن. من هیوامدەخواست هاوکاران لە رۆژنامەوانان و راگەیاندن دەستیان بە هەڵمەتێکی فراوانی ئیدانەکردن بکردایە لەدژی بۆمب و مووشەکەکانی لە هەولێر دران، ئەوان لە هەوڵی راستەقینەی عێراقییەکان دەدەن، لە کوردانی عێراق. ئەو مووشەکانە لە چ سەرچاوەیەکەوە هاتن؟ هیچ روونکردنەوەیەکیشیان نییە جگە لە تۆڵەسەندنەوە، کە ئەمەش رۆحێکی نەرێنییە، نە دەوڵەت، نە حیزب و نە هۆزەکان بنیاتنانێت.