کارەسات لە کەمپی بێرسڤێی زاخۆ.. لە خێزانێکی پێنج کەسی، چواریان بەهۆی سووتان گیانیان لەدەستدا
لە خێزانێکی پێنج کەسی، چواریان بەهۆی سووتان گیانیان لەدەستدا
K24 - هەولێر
کەمپی بێرسڤێی لە زاخۆ، بووە شوێنی کارەساتێکی مرۆیی بۆ خێزانێکی پێنج کەسی، کە بەهۆی سووتانی خێوەتەکەیان، ئەمڕۆ چواریان بەهۆی سووتان گیانیان لەدەستدا و تەنیا دایکەکە بە زیندووی ماوەتەوە.
کارەساتەکە کاتژمێر 02:00ـی بەرەبەیان روویداوە، کاتێک ئاگر لە کەمپەکە کەوتووەتەوە ژمارەیەک خێوەت سووتاون، لە ئەنجامدا چوار کەس گیانیان لەدەستدا و چواری دیکەش بریندارن.
ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە پێکهاتوون لە: خالید ئیلیاس موراد، ئاوارەی ئێزدی کە خەڵکی کۆمەڵگەی گرزەرکە، لەگەڵ هەرسێ منداڵی: نەجدی تەمەن 10 ساڵ، نەجیری تەمەن 11 ساڵ و نەجدۆی تەمەن حەوت ساڵ، دایکی خێزانەکە کە ناوی رۆزا حەجییە، بریندارە و لە نەخۆشخانەیەکی دهۆک لەژێر چاودێریی وردی پزیشکیدایە، بەهۆی ئەوەی 25٪ـی جەستەی سووتاوە.
جگە لەو خێزانە، سێ کەسی دیکەی خێزانێکی دیکەی کەمپەکە بە ناوەکانی: ئیبراهیم، دڵگەش و نەدا خالید کە خوشک و بران، سووتاون و لە نەخۆشخانەن.
ئەو کارەساتە دڵتەزێنە لەسەر ئاستی باڵا کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای دەربڕینی هاوخەمی رایگەیاند، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی راسپاردووە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە بکات.
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆکیش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسی لەوە کرد "لێکۆڵیەوەیەکی زۆر جدی دەکەین بۆ ئەوەی رووداوی هاوشێوە جارێکی دیکە روونەداتەوە، جا بە شۆرتی کارەبا یان سۆبا یان هەر شتێکی دیکە بێت".
بابە شێخی ئێزدییان لە مەراسیمی ناشتنی تەرمەکان ئامادەبوو و رایگەیاند "دەنگی خۆمان دەگەینینە هەموو لایەک، زوو بەهانای میللـەتی ئێمە وەرن و زوو چیای شنگال پاکبکرێتەوە بۆ ئەوەی خەڵکی ئێمە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، تاوەکو چیدیکە ئەو کارەساتانە بە چاوی خۆمان نەبینین".
دکتۆر فەلاح، پزیشکە و بەیانیی ئەمڕۆ لە دهۆکەوە قسەی بۆ کوردستان24 کرد "رایگەیاند ژنەکە 25٪ـی جەستەی سووتاوە".
هێشتا بە وردی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە نەزانراوە، بەڵام ئەوەی هەیە، شەوی رابردوو لە سنووری پارێزگای دهۆک رەشەبایەکی زۆر بەهێز هەبووە، کە یارمەتیی ئاگرەکەی داوە لەوەی لەنێو خێوەتەکانی کەمپی بەرسڤ تەشەنە بکات.
هـ.ر.