ژمارەیەك حاڵەتی دیكەی كۆرۆنای گۆڕاو لە ھەرێمی كوردستان تۆمار كران
وەزارەتی تەندروستی، لە كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا چەند پێشنیاز و داواكارییەك دەخاتەروو
K24 - ھەولێر
وەزیری تەندروستی ھەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، 9 كەسی دیكە تووشی كۆرۆنای نوێ بوونە و لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا چەند پێشنیاز و داواكارییەك دەخەنەڕوو.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی لە میانی بەشداریكردنی لە گەشتێكی ھەواڵەكانی كوردستان24 رایگەیاند: "بۆ كۆبوونەوەی ئەمڕۆ راپۆرتێكمان ئامادەكردووە، تێیدا ھەڵسەنگاندنمان بۆ رەوشی گشتی تەندروستی لەبارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ھەمیش لەبارەی دەوامی قوتابخانەكان دەخەینەڕوو، ھەروەھا كۆمەڵێك پێشنیاز و داواكاریمان لە تیمی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی تەندروستی كۆكردووەتەوە و دەخەینە بەردەم لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا، ھەوڵدەدەین رێكارەكان لەگەڵ ژیان و گوزەرانی خەڵك بگونجێنین، بۆ ئەوەی بتوانین لەئێستاوە دۆخەكە كۆنترۆڵ بكەین و نەھێڵین ڤایرۆسەكە زیاتر تەشەنە بكات، چونكە ئەگەر زیاتر بڵاوببێتەوە رێكارەكان قورستر دەبن".
لەبارەی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنای گۆڕاو لە ھەرێمی كوردستان و مەترسی لەسەر منداڵان لە ناوەندەكانی خوێندن، وەزیری تەندروستی گوتی: "ئەمڕۆ 9 حاڵەتی دیكەی ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕاو لە ھەرێمی كوردستان تۆمار كراون و رەنگە حاڵەتی دیكەش ھەبن ھێشتا دڵنیا نەكراوەتەوە، ھەموویان خەڵكی ھەولێرن و ھەندێكیان گەشتیاربوون و گەڕاونەتەوە كوردستان".
گوتیشی: "سەبارەت بە قوتابی و مامۆستایان، راستە قوتابخانەكان كراونەتەوە، بەڵام بەپێی ھەڵسەنگاندنەكانمان تائێستا دۆخەكە لە ناوەندەكانی خوێندن خراپ نییە، لە ھەندێك قوتابخانە و گەڕەك حاڵەت ھەبووە و رێكاری پێویست وەرگیراوە و نەبووەتە ھۆی بڵاوبوونەوەی گشتی، بۆیە ئێستا ئێمە لەگەڵ بەردەوامبوونی خوێندنین لە قوتابخانەكان بە پابەندبوون بە رێنمایی و جێبەجێكردنی رێكارەكانەوە".
ئەمڕۆ دووشەممە 22/2/2021، لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا كۆدەبێتەوە، یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە تاوتوێكردنی راپۆرتی ھەڵسەنگاندنی وەزارەتی تەندروستی دەبێت سەبارەت رەوشی ناوەندەكانی خوێندن، كە لە 7/2/2021، خوێندنی قۆناغەكانی 1ی بنەڕەتی تا 11ی ئامادەیی لەناو پۆلەكان دەستیپێكردەوە، پێشتریش لە 16/1/2021 خوێندنی قۆناغی 12ی ئامادەیی دەستیپێكردەوە.