بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەت قۆناغی یەکەمی شەقامی 150 مەتری لە هەولێر دەکرێتەوە

یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیژییەكان و كاریگەری دەبێت بۆ ھاتووچۆ لە ھەولێر
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2021/2/25 بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قۆناغی یەکەمی شەقامی 150 مەتری لە هەولێر دەکرێتەوە.

شەقامی 150 مەتریی بازنەیی خێرا لە هەولێریەكێكە لە پڕۆژە ستراتیژییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان. لە رێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە جێبەجێ دەكرێت و درێژییەكەی 70 كیلۆمەترە، كۆی پڕۆژەكە بە گوژمەی 700 ملیۆن دۆلار تەواو دەبێ، شەقامەكە بە شێوەیەكی بازنەیی خێرا كە هیچ وەستانێكی تێدا نییە باوەش بە هەولێردا دەكات.

بە دەیان شەقامیش لەگەڵ رێگەی سەرەكیی دەروازەكانی شاری هەولێر بەستراوەتەوە، ئەمەش درێژەپێدەری ئەو تۆڕە رێگەوبانە جاڵجاڵۆكەییەیە كە بووەتە بەشێك لە ناسنامەی نەخشەی شارەكە.

بە تەواوبوونی شەقامی 150 مەتری، ئەو قەرەباڵغییەی رێگەوبان تا رادەیەكی زۆر چارەسەر دەكات، شۆفێران دەتوانن بە خێرایی 120 كم/كاتژمێر بە شێوەیەكی بازنەیی هەموو هەولێر بسووڕێنەوە.

شەقامی 150 مەتریی بازنەیی خێرا، درێژەپێدەری شەقامە بازنەییەكانی تری هەولێرە كە بریتین لە 30 مەتری، 60 مەتری، 40 مەتری، 100 مەتری و 120 مەتری. هەر ئاڕاستەیەكی شەقامەكە نزیكی 20 مەترە بەرینیی رێی خزمەتگوزارییەكان 15 مەترە، كۆی پڕۆژەكە بەسەر 5 قۆناغ دابەش بووە.

بەشی یەكەم، لە ڕێی شەقڵاوە بۆ رێی بەحركە بە درێژیی 10 كیلۆمەتر ئەمڕۆ دەکرێتەوە. ئەم بەشە پێكهاتووە لە 2 ئینتەرچەینج، 8 ئۆڤەرپاس، 6 ئەندەرپاس، 3 یوتێرن فلای ئۆڤەر، 3 پردی پەڕینەوەی پیادە. بەشی دووەمی ئەم قۆناغە لە رێی بەحركە بۆ گۆپاڵە درێژییەكەی 6 كیلۆمەترە پێكهاتووە لە دوو ئینتەرچەینج، كە یەكێكیان بە رێگای گۆپاڵ – دهۆك و ئەوی تر بە رێگەی ئۆتۆبانی هەولێر- زاخۆ دەبەسترێتەوە.

ئینتەرچەینجەكانی شەقامی 150 مەتریی بازنەیی خێرا لەسەر ئاستی هەموو عێراق یەكەمجارە بەو شێوەیە دروست دەكرێن.

بەهۆی ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاسەكانی لەخۆیان دەگرێ، لە هیچ ئاڕاستەیەكەوە وەستانی تێدا نییە. قۆناغی یەكەم كۆمپانیای هێمن گرووپ دروستی دەكات.