ساسان عەونی: شەقامی 150 مهتری كاریگەری بەسەر جوڵەی بازرگانی و ئاسانی ھاتووچۆی ھاووڵاتیان دەبێت
ساسان عەونی: پرۆژەكان بەڵگەن لەسەر پابەندبوونی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بەو بەڵێنانەی بە ھاووڵاتیانی داوە
K24 – ههولێر:
لە مەراسیمی كردنەوەی بەشی یەكەمی پڕۆژهی شەقامی 150 مەتری لەلایەن سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی، لە میانی وتارێكیدا، وەزیری شارەوانی، ساسان عەونی رایگەیاند، سەرەڕای ھەموو بارودۆخە نالەبارەكان حكومەتی ھەرێمی كوردستان بەردەوام بووە لە جێبەجێكردنی بەشێكی پڕۆژە ستراتیژییەكانی، كە لە بەرنامەیدا ھەبووە و بەشێكی دیكەشیان بەردەوام كاری تێدا دەكرد.
وەزیری شارەوانی گوتی: تەواوكردنی شەقامی 120مەتری لە ھەولێر، دەستپێكردنی شەقامی 100مەتری لە سلێمانی، شەقامی بارزان لە دھۆك، پرۆژەی ستراتیژی ئاو و ئاوەڕۆ لە ھەولێر، لە سلێمانی، لە ھەڵهبجە و بەدەیان پڕۆژەی ستراتیژی دیكە، ھەموویان بەڵگەن لەسەر پابەندبوونی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بەو بەڵێنانەی بە ھاووڵاتیانی داوە، كە خزمەتكردنی بەردەوام و ھەلی ژیانێكی باشتر و كوردستانێكی بەھێزە و ھەموو تواناكانی لەم پێناوەدا بەگەڕ دەخات.
ھەروەھا گوتی: كۆی شەقامی 150 مەتری بازنەیی خێرا لە كاتی تەواوبوونی ھەموو بەشەكانی درێژییەكەی 70 كیلۆمەتر دەبێت. بەشێوەیەكی بازنەیی، كە ھیچ وەستانێكی تێدا نابێت باوەش بە ھەولێردا دەكات و لە رێگەی دەروازە سەرەكییەكانی شاری ھەولێر و دەیان شەقامی دیكەی شێوەتیشكی بەشەقامی بازنەیی 120 مەتری و 100 مەتری و شەقامە بازنەییەكانی دیكە دەبەسترێتەوە، كە ھەموویان پێكەوە تۆڕێكی پڕ لە ھارمۆنی ئەندازەیی پێكدێنن و سیمایەكی شایان بە پایتەخت دەبەخشن.
سەبارەت بە گرنگی شەقامی 150 مەتری، وەزیری شارەوانی ئاماژەشیكرد، ئەم بەشەی تەواو كراوە لە شەقامی 150 مەتری ئەو بەشەیە كە شەقامی ھەولێر - شەقڵاوە بە شەقامی ھەولێر - بەحركە دەبەستێتەوە، كە جگە لەگرنگییەكەی بۆ دانیشتوانانی ھەولێر و میوانان ھۆكارێكی گرنگ و دەرفەتێكی نوێیە بۆ بەیەكەوەبەستنەوەی ھەردوو رێگای نێودەوڵەتی ھەولێر - حاجی ئۆمەران و ھەولێر - زاخۆ. ئەمەش كاریگەری بەسەر جوڵەی بازرگانی و ئاسانی ھاتووچووی ھاووڵاتیان لە نێوان دەڤەرە جیاوازەكان دەبێت.