دوای گرانبوونی دۆلار حکوومەتی عێراق بڕیارێکی نوێی دەرکرد

لۆگۆی حکوومەتی عێراق
لۆگۆی حکوومەتی عێراق

 سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا وەرگرتنی باج و کرێی گومرگی لەسەر بەرهەمەکانی هێلکە و مریشک و گۆشتی ئاژەڵی هاوردەکراو دوابخات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 08ـی تشرینی یەکەمی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ بڕیاری داوە بە دواخستنی وەرگرتنی باج و کرێی گومرگی لەسەر بەرهەمەکانی هێلکە و مریشک و گۆشتی ئاژەڵی هاوردەکراو.

باس لەوەش کراوە، ئامانج لەم هەنگاوە پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی بازاڕەکانی ناوخۆ و دابینکردنی ئەم ماددە سەرەکییانەیە بە نرخی گونجاو، بۆ ئەوەی لە توانای کڕینی هەموو هاووڵاتییاندا بێت.

 ئەم بڕیارەی حکوومەت لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە، 06ـی تشرینی یەکەم، ئەنجوومەنی وەزیران و بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاریان دا بەهای فەرمیی دۆلاری ئەمریکی بەرانبەر بە دیناری عێراقی بۆ 1520 دینار بەرز بکەنەوە. ئەم بڕیارە بووە هۆی دروستبوونی ناجێگیری لە بازاڕەکانی ناوخۆدا و نرخی 100 دۆلار لە بازاڕی ئازاددا گەیشتە سەرووی 160 هەزار دینار. 

بەرزبوونەوەی خێرای بەهای دۆلار کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر نرخی کاڵا و پێداویستییە سەرەکییەکان دروست کرد و بارگرانییەکی زۆری خستە سەر شانی هاووڵاتییان.