وهزيرى ئيتڵاعاتى ئێران و سهرۆكى حكومهتى ههرێم كۆبوونهوه
K24 – ههولێر:
وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق كۆبووەوە و شەوی رابردووش چاوی بە نچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كەوت.
بە گوێرهى ھەواڵدەری فەرمیی ئێران ئیرنا، مەحمود عەلەوی وەزیری ئیتلاعاتی ئێران رۆژی شەممە لە بەغدا، لەگەڵ سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و نوری مالیكی سەرۆكی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و ئیبراھیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی عێراق كۆبووەتەوە و سەبارەت بە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و پرسی تیرۆر و شەڕی داعش قسەیان كردووە. شەوی رابردووش وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران گەیشتە ھەولێر و لەگەڵ نچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
بەرپرسانی ئێران لەدوای سەرھەڵدانی رێكخراوی داعش لە عێراق و سووریا باسیان لە نائەمنی لە سنوورەكانی رۆژئاوای ئێراندا كردووە و پێشتریش عێراق و ھەرێمی كوردستانیان بە بێتوانایی لە پاراستنی سنوورە ھاوبەشەكانیان لەگەڵ ئێران تۆمەتبار كردبوو.
ههر لهو چوارچێوهيهدا، سايتى رهسمى حكومهتى ههرێم بڵاويكردووهتهوه، كه نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوزای لە سەید د. مەحموود عەلەوی وەزیری ئیتڵاعاتی كۆماری ئیسلامیی ئێران و شاندێكی یاوەری كردووه.
له ههواڵهكهدا هاتووه: لە دیدارێكدا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و باسیان لەوە كرد كە ئەوان گرنگییەكی زۆر بە پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران دەدەن. هەروەها دووپاتیان كردەوە كە ئەو پەیوەندییانە رەگ و ریشەیەكی مێژووییان هەیە و ئێران هەردەم هەرێمی كوردستانی بە دۆست و هۆكاری پەیوەندی باش و ئارامی ناوچەكە دەزانێت.
لای خۆیەوە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و كۆماری ئیسلامیی ئێرانی كرد كە هەردەم پشتیوانی هەرێمی كوردستان بووە و جەختی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان هەردەم ئامادەیە دۆستایەتی و پەیوەندییەكانی لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران فراوانتر و تۆكمەتر بكات و ئامادەیی خۆیشی دەربڕی كە ئەو پەیوەندییانە لە هەموو بوارەكاندا پەرەیان پێ بدرێت.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا هەردوولا بیروبۆچوونیان لەبارەی بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش ئاڵوگۆڕ كرد.