ھاتووچۆی ھەولێر: ئەو بوختانەی بۆ ئەفسەرێكمان دروستكراوە رەتدەكەینەوە
روونکردنەوەیەک لەهاتووچۆی هەولێرەوە
K24 – ھەولێر
بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی ھەولێر، دەنگۆی سزادانی شوفێرێك لەسەر پێشكەوتنەوەی ئۆتۆمبێلی ئەفسەرێك لەناو تونێلی پیرمام رەتدەكاتەوە و دەڵێ ئەو كەسە لەسەر خێرایی سزا دراوە.
ھاتووچۆی ھەولێر بە ڤیدیۆ چركەساتی خێراییەكەی ئەو ئۆتۆمبێلە بڵاودەكاتەوە كە لە رێگەی كامیرای چاودێری ناو تونێلەكەوە تۆمار كراوە.
دەقی روونكردنەوەی ھاتووچۆی ھەولێر:..
لە هەندێک پەیج وسایت بابەتێک بڵاوکرایەوە گوایا کەسێک لەناو تونێلی پیرمام تەنها لەبەر ئەوەی بەپێش ئۆتۆمبێلی بەڕێوەبەری هاتووچۆی رێگاکانی دەرەوە کەوتۆتەوە سزادراوە وەبابەتەکە وانیشان دراوە کەئەو کەسە بێتاوانە وەداوای لێپێچینەوە دەکات وەدەڵێت هیچ سەرپێچیەکم نەکردوە.
ئێمە بە بەڵگەی ڤیدیۆیی نیشانی هەموو لایەکی دەدەین کەوا ئەو کەسە کە خاوەنی نیسان سێنترایەکی تایبەتی سوورە لە کاتژمێر 8:16 خولەكی بەیانی لەناو تونێلی پیرمام و لەپاش دەرچوونی لە کامیرەی چاودێری خێرایی بەشێوەیەکی زۆر خێرا لێخوڕینی کردوە و لەوکاتە لە ئۆتۆمبێلێکی هاتووچۆ رەتبوە کە ئەفسەرێکی تێدابووە و بینیویەتی کە ئەو کەسە تیژڕۆیی دەکات، بۆیە راستەوخۆ بەپێی یاسا سزای داوە لەسەر تیژڕۆیی کردنەکە کە نامەی سەرپێچیەکەش بۆ هاووڵاتیەکە چوە لەسەر ئەو تیژڕۆییە بووە نەک لەسەر بەپێشکەوتنەوەکە.
وێنەی ڤیدیۆی کامیراکانی چاودێری نیشانی دەدەن کە ئەو ئۆتۆمبێلە خێراییەکەی زۆر بەرزتر بووە لە خێرایی دیاریکراوی ناو تونێل کە 70کم لە کاتژمێرێک تەنانەت کە بەتەنیشت ئۆتۆمبێلی هاتووچۆ تێدەپەڕێت کە ئوتومبێلەکەی هاتووچۆ بەخێرایی دیاریکراوی ناو تونێل دەڕوات تۆ واهەست دەکەیت کە ئۆتۆمبێلەکەی هاتووچۆ وەستاوە، بۆیە ئێمە وەکو هاتووچۆی هەولێر بابەتی ئەو بوختان دروستکردنە بە ئەفسەرێکی بەڕێوەبەرایەتیەکەمان رەتدەکەینەوە و بەمافی خۆمان دەزانین هەر پەرچەکردارێکی یاساییمان هەبێت بەرامبەر بەوکەسە.
ب. هاتووچۆی هەولێر