ئێران: ئامادەین لە كەمكردنەوەی پابەندییەكانمان بە رێككەوتنی ئەتۆمی پاشگەز ببینەوە بەڵام بە مەرج

كەمالوەندی: ھاریكاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی بەردەوامە لە چوارچێوەی رێككەوتنی دڵنیاییەكان

ئێران بە مەرج ئامادەیە پاشگەز ببێتەوە لە كەمكردنەوەی پابەندییەكانی ئەتۆمیی
ئێران بە مەرج ئامادەیە پاشگەز ببێتەوە لە كەمكردنەوەی پابەندییەكانی ئەتۆمیی

K24 – ھەولێر:

بەھرۆز كەمالوەندی، گوتەبێژ بەناوی رێكخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند، ئێران ئامادەیە لە كەمكردنەوەی پابەندییەكانی بە رێككەوتنی ئەتۆمی پاشگەز ببێتەوە، بەڵام  "بە مەرج".

كەمالوەندی گوتی: گەڕانەوە  بۆ پاشگەزبوونەوە لە پابەندییەكان لە حاڵەتێكدا دەكرێت، كە "لایەنی بەرامبەر ھەڵوێستە وێرانكارییەكانی خۆی گۆڕی و گەڕایەوە سەر پابەندییەكانی و سزاكانی ھەڵگرت". جەختیشیكردەوە، "ئەزموونەكان دەریانخستووە،  فشار و ھەڕەشە دژ بە ئێران ھیچ ئەنجامێكیان نابێت".

گوتیشی: "ئەو سیاسەتە ناھەموارانەی دەوڵەتانی رۆژئاوا گرتوویانەتەبەر دژ بە ئێران دەبێتە مایەی بەتەنگژەكردنی دۆخی ئێستا".

سەبارەت بە "گفتوگۆی تەكنیكی"، كە بڕیارە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە نیسانی داھاتوو لەگەڵ ئێران دەستیپێبكات، كەمالوەندی ئاماژەیكرد، ئەو گفتۆگۆیە "لەسەر ئاستی یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێوەدەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەبێت و باس لە ھاریكاری تەكنیكی لەنێوان تاران و ئاژانسی نێودەوڵەتی دەكرێت لە چوارچێوەی رێككەوتنی دڵنیاییەكان".

گوتیشی: "تاران پێشوازیی لە بەستنی كۆبوونەوەی نیسانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی كرد بۆ چارەسەركردنی ئەو پرسانەی ھەلپەسێردراون لە نێوان ھەردوو لادا، ئاماژەشیكرد، "ھاریكاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی بەردەوامە لە چوارچێوەی رێككەوتنی دڵنیاییەكان بۆ چارەسەركردنی پرسە ھەڵپەسێردراوەكان بەشێوەیەكی خێرا".

سەرچاوە: RT