بەلجیكا بە نیازە ئەو منداڵ و دایكانەی لە سووریا گیراون، بیانگەڕێنێتەوە
مەترسی ھەیە لەوەی ئەو منداڵانە ببنە توندڕەو
K24 – ھەولێر:
سەرۆك وەزیرانی بەلجیكا، ئەلیكسەندر دی كرۆ، دوێنی رایگەیاند، وڵاتەكەی ئەو منداڵ و دایكانەی لە یەكێك لە كەمپەكانی پەنابەران لە سووریا گیراون، دایانگەڕێنەتەوە لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی بڕیارێكی دادگا لە ساڵی 2019.
ئەوروپا وەك ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بڕیاری دابوو ھاووڵاتیانی خۆیان ئەوانەی بەشداریان لەشەڕ كردبوو لەتەك داعش بیانگەرێنێتەوە نەوەك بەجێھێشتنیان لەو كەمپانە ببێتە مایەی درووستبوونی نەوەیەكی نوێی توندڕەو.
بەڵام حكومەتەكان ھێشتا دوودڵن لەگەڕاندنەوەیان بەھۆی نەبوونی ھاوسۆزی لەگەڵ ئەو خێزانانە لە لایەن ئەورپاییەكانەوە دوای ئەو تاساندنەی بۆیان درووستبوو لە ئەنجامی ھێرشی توندڕەوەكان لەسەر كیشوەرەكە بەدرێژایی دەیەی رابردوو.
دادگای برۆكسل لە كانونی یەكەمی 2019 فەرمانی بە حكومەتی بەلجیكا كرد، ھاریكاری بكات لە گەڕاندنەوەی 10 منداڵ، كە لە سووریا لە چەكدارانی بەلجیكایی لە نێو رێكخراوی داعشی تیرۆریست لە دایك بوونە ، بەڵام تاكو ئێستا بەلجیكا نەیانگەڕاندووەتەوە.
ئەو منداڵانە لە كەمپی ھۆل بۆ پەناران لە رۆژئاوای كوردستان دەژین. دی كرۆ بە پەرلەمانی بەلجیكای گوت: "لە راستیدا دۆخی كەمپەكە بەشێوەیەكی زۆر مەترسیدار بەرەو وێرانی دەچێت".
نزیكە 20 منداڵی بەلجیكایی و 11 ژن لە كەمپی رۆژن لە نزیك سنووری عێراق.
دی كرۆ، جەختیكردەوە لەسەر ئەوەی پێویستە ھەموو ھەوڵێك بدرێت بۆ دەرخستنی ئەو منداڵانە لەو كەمپانە.
ئاماژەشیكرد، مەترسی ھەیە لەوەی ئەو منداڵانە ببنە توندڕەو.