ئیسرائیل پلانی لێدانی پێگە ئەتۆمییەكانی ئێران و نەخشەیەكی نھێنی پێگەكانی حزبوڵڵا ئاشكرا دەكات

رۆژانە سێ ھەزار ئامانجی لوبنانی لە میانی ململانێی داھاتوودا ده‌پێكرێن

وەزیری بەرگری ئیسرائیل، بینی گانتیس
وەزیری بەرگری ئیسرائیل، بینی گانتیس

K24 – ھەولێر:

وەزیری بەرگری ئیسرائیل، بینی گانتیس رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل پلانەكانی خۆی نوێ دەكاتەوە بۆ لێدانی پێگە ئەتۆمییەكانی ئێران و وڵاتەكەی ئامادەیە تاك لایەنانە ئەو كارە ئەنجامبدات.

گانتس لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی "فۆكس نیوز" گوتی: ئیسرائیل زۆر ئامانجی لەنێو خاكی ئێران دەستنیشانكردووە، كە بە لێدانیان دەبێتە مایەی زیانگەیاندن بە تواناكانی ئێران بۆ پێشخستنی بۆمبی ئەتۆمی.

لە یەكەم دیداریدا لەگەڵ یەكێك لە دەزگا راگەیاندراوەكانی ئەمەریكا، گانتس گوتیشی: "ئەگەر جیھان پێش ئەوە، ئێرانی راگرت، خۆ ئەوە زۆر باشە، بەڵام ئەگەر نا، دەبێت ئێمە یەك لایەنە ئەو كار ئەنجامبدەین و دەبێت پارێزگاری لە خۆمان بكەین".

ھەڵسەنگاندنە ھەواڵگرییەكان ئاماژە دەكەن، ئەم ساڵ ئێران ئیسرائیل دەكاتە ئامانج، بەڕێگای بریكارەكانی لە سووریا و لوبنان، بەپێی ئەوەی تۆڕی فۆكس نیوز ئاماژەی پێكردووە.

گانتس روونیكردەوە، گروپی "حزبوڵڵا"ی لوبنانی، كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێت، بە سەدان ھەزار مووشەكی ھەیە و یەكێك لەو نەخشە نھێنیانەی ئامانجەكان، كە ھاوبەشكراوە لەگەڵ تۆری "فۆكس نیوز" بەدیاردەخات ژمارەیەكی زۆر لە مووشەكەكان لە نێو ناوچە مەدەنییەكان بە درێژایی سنووری ئیسرائیل دانراون.

فۆكس نیوز
فۆكس نیوز

گانتس ئاشكرایكرد، "ئەمە نەخشەی بەئامانجگرتنەكانە. ھەر ئامانجێك لەمانە لە رووی یاسایی و كردەوەیی و ھەواڵگرییەوە پشكنینیان بۆ كراوە و ئێمە ئامادەین بۆ شەڕ".

راپۆرتی ساڵانەی ھەواڵگری سوپای ئیسرائیل ئاماژەیكردووە بەوەی ئیسرائیل ئامادەكاری دەكات بۆ چەند رۆژێكی شەڕكردن لەگەڵ حزبوڵڵا. ھەروەھا ھەندێك راپۆرتی ناوخۆیی راگەیاندن ئاماژەیانكردووە، رۆژانە سێ ھەزار ئامانجی لوبنانی لە میانی ململانێی داھاتوودا دەپێكرێن، بەئامانجی كوشتنی 300 كەس لە چەكدارانی حزبوڵڵا لە میانی ھەر 24 كاتژمێرێكدا.

مەزندە دەكرێت ئیسرائیل بەردەوام بێت لە لێدانی ئەو گرووپانەی لە لایەن ئێرانەوە لە سووریا پشتیوانی دەكرێن، كە گانتس گوتی: ئەوانە ھاریكاری پێشكەش دەكەن لە ئاسانكردنی گواستنەوە چەك بۆ لوبنان، بەپێی ئەوەی تۆڕەكە خستوویەتیەڕوو.

بەپێی قسەكانی سەرۆك ئەركانی ئیسرائیلی، ئەفیف كۆخافی، لە ساڵی 2020 ئیسرائیل زیاتر لە 500 پێگەی پەیوەست بە ئێرانی لە سووریا بەھێرشی ئاسمانی بۆردومان كردووە.

ھەفتەی رابردوو، سەرۆكی ئەمەریكا، جۆ بایدن فەرمانی دا بەئەنجامدانی ھێرشێكی ئاسمانی بۆ سەر خاكی سووریا، دوای ئەوەی چەندین ھێرش كرانە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق.

ھاوكات لەگەڵ ئەوەی ئیدارە بایدن ئاماژەیان بە ئامادەیی ئەمەریكا كرد بۆ گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئیران، بەرپرسانی ئیسرائیلی، لە سەرۆك وەزیران، بنیامین ناتنیاھۆ وە تا دەگاتە گانتس لەو بڕوایەدان، كە دەبێت چارەسەری بریكارەكانی ئیران بكرێت لە ھەر رێككەوتنێكی دیكە لە ئایندەدا.

گانتس گوتیشی: "سیاسەتی ئەمەریكا دەبێت سیاسەتی ئەمەریكا بێت و سیاسەتی ئێسرائیلیش دەبێت سیاسەتی ئیسرائیل بمێنێتەوە".

سەرچاوە: "فۆكس نیوز"