كهمالا هاریس بۆ ناتانیاھۆ: رەفتارەكانی ئێران لە ناوچەكەدا مەترسیدارن
روونیشیكردەوە، ئێران بە ئاراستەی ھەڵە جوڵە دەكات و گوتی: ئێران "ھێشتا رێگایەكی درێژی ماوە بیبڕێت" تاوەكو بگەڕێتەوە سەر جێبەجێكردنی پابەندییەكانی
K24 – ھەولێر:
لەدوای دەستبەكاربوونی لە پۆستەكەیدا لە كانوونی یەكەمی رابردووەوە و لە یەكەم پەیوەندیی تەلەفۆنییدا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاھۆ، جێگری سەرۆكی ئەمەریكا، كەمالا ھاریس باسی دۆسیەی ئێرانی كرد.
بەپێی راگەیاندراوێكی كۆشكی سپی، ئەمڕۆ ھەینی، كەمالا رەفتاری "ناوچەیی" ئێرانی بە مەترسیدار وەسفكردووە، لە ئاماژەیەكدا بۆ ھەوڵەكانی تاران بۆ تێكدان و شڵەژاندنی ئەمنی ژمارەیەك لە دەوڵەتانی ناوچەكە لە ھەر یەك لە عێراق و سووریا و یەمەن بەڕێگای ملیشیاكانییەوە، ئەمە جگە لە پێشھاتەكانی ئەم دواییەی دۆسیەی ئەمنی ئێرانی.
ئەمە دوای ئەوە ھات، كە ناتانیاھۆ لە لێدوانەكانی پێشوویدا ئاماژەی كردبوو بە بوونی ناكۆكی لەنێوان خۆیی و "ھاوڕێیەكەی" جۆ بایدن، لەبارەی شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ دۆسیەی ئێرانی، بە تایبەتی مەسەلەی رێككەوتنی ئەتۆمی.
لە كاتێكدا ئێسرائیل پێی باشە رێكاری سەپاندنی توندترین سزاكان بەردەوام بێت ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە سەر پاشگەزبوونەوە لە پابەندییەكانی لە رێككەوتنی ئەتۆمیی واژووكراو لە ساڵی 2015، كەچی ئیدارەی بایدن ھەوڵدەدات ئەو رێككەوتنەی بەرەو داڕمان دەچێت زیندووی بكاتەوە.
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بەر لە پێنج ساڵ دژایەتی خۆی بۆ ئەو رێككەوتنە ئەتۆمییەی راگەیاندبوو، كە لە نێوان ئێران و دەوڵەتانی رۆژئاوا واژووكرا و ستایشی بڕیاری سەۆكی پێشووی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ كرد لە خۆكشاندەوە لە رێككەوتنەكە لە ساڵی 2018.
پێش دوو رۆژیش، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، ئەنتۆنی بلینكن جەختیكردەوە لەوەی ھەڵوێستی وڵاتەكەی لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران نەگۆڕە و دووپاتیكردەوە، سزاكان لە سەر ئێران ھەڵناگیرێن تا تاران تەواوی پابەندییەكانی خۆی بەپێی رێككەوتنی ئەتۆمی جێبەجێنەكات.
روونیشیكردەوە، ئێران بە ئاراستەی ھەڵە جوڵە دەكات و گوتی: ئێران "ھێشتا رێگایەكی درێژی ماوە بیبڕێت" تاوەكو بگەڕێتەوە سەر جێبەجێكردنی پابەندییەكانی.