حەكیم: سەردانی پاپا وێستگەیەكە لە سەر رێگه‌ی گەڕانەوەی عێراق بۆ پێگەی ئاینی خۆی

عه‌ممار حه‌كیم داوا ده‌كات رۆژی سه‌ردانه‌كه‌ی پاپای ڤتیكان بۆ عێراق به‌ رۆژی ئاشتی و لێبورده‌یی بناسرێت

عه‌ممار حه‌كیم، سه‌رۆكی ره‌وتی حیكمه‌
عه‌ممار حه‌كیم، سه‌رۆكی ره‌وتی حیكمه‌

K24 – ھەولێر:

عەممار حەكیم، سەرۆكی ره‌وتی حیكمه‌ سوپاسی ھەموو ئەوانەی كرد كە بەشدارییان لە سەركەوتنی سەردانه‌كه‌ی پاپا فرانسیس بۆ عێراق و سەردانكردنی بۆ شاری ئۆری مێژوویی و ژمارەیەك لە كەنیسەكانی بەغدا و مووسڵی كرد. دیداری پاپاشی لەگەڵ سیستانی بە وێنەیەكی رووناك وەسفكرد، لە بارەی گرنگی ئاشتی و لێبوردەیی لە ژیانی مرۆڤدا و گرنگی سەركردەكان لە بەڕێوەبردنی بەیەكەوەژیان و ھەمەجۆری.

ھەروەھا حەكیم لە راگەیاندراوێكدا ئاماژەی به‌وه‌ كرد، 6ی ئادار وەك رۆژێكی ئاشتی و لێبوردەیی لە عێراق بناسرێت.

جەختیشیكردەوە، سەردانی پاپا وێستگەیەكە لە سەر رێگه‌ی گەڕانەوەی عێراق بۆ پێگەی ئاینی خۆی وەك سەرچاوەی ئایینەكانی ئیبراھیمی و ئایینەكانی دیكە.

داواشی لە حكومەتكرد، بایەخ به‌ گەشتوگوزاری زیقار و شارە مێژووییەكانی دیكە بدات و بەرنامە و پلانی پێناساندنیان بۆ بكات و گوندە گەشتوگوزارییەكان دروست بكات، بۆ لەخۆگرتنی گەشتیارانی بیانی.

ژماره‌یه‌كی زۆری مه‌زراگه‌ ئاینییه‌كان، شوێنه‌ پیرۆزه‌كان و شوێنه‌وارییه‌كان له‌ عێراق هه‌ن، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ببێته‌ رووگەیەك بۆ زۆرێك له‌ لەگەلانی جیھان.