مه‌لا به‌ختیار: حكومەتی كوردستان رێوڕەسمەكەیان، لە ئاستی باڵای خۆشەویستی ناخی كوردەواری بوو

مه‌لا به‌ختیار:"سەردەمی رق و ناكۆكی ئایینی - مەزهەبی - عەقیدەیی.. كۆتایی هاتووە، سەردەمی.. پێكەوەژیان و خۆشەویستی ئایینەكانە. شمشێری سەپاندنی مەزهەبی، شمشێری پەرچەكردار هەڵدەكێشێت".

پاپای ڤاتیكان، "فرانسیس"
پاپای ڤاتیكان، "فرانسیس"

K24 – هه‌ولێر:

مه‌لا به‌ختیار، له‌ رێی په‌یجی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووكه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ سه‌ردانی پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیكان، نووسیویه‌تی: لە كوردستاندا میوانداریەكە جیاوازبوو، سۆزی بێڕادەی مەسیحییەكان، هاوكات خەڵكی كورد و پێكهاتەكانی تریش. مایەی شانازی بوو.

له‌ سه‌رنجه‌كه‌یدا، مه‌لا به‌ختیار، ئه‌وه‌شی نووسیوه‌: سێ‌ رۆژە عێراق.. كوردستانیش، سەرقاڵی پێشوازی لێكردنی پاپان. لە عێراقدا، كاربەدەستان هێندەی پێیان هەڵسوڕا، درێغییان نەكرد، لە كوردستاندا میوانداریەكە جیاوازبوو، سۆزی بێڕادەی مەسیحییەكان، هاوكات خەڵكی كورد و پێكهاتەكانی تریش. مایەی شانازی بوو. حكومەتی كوردستانیش رێوڕەسمەكەیان، لە ئاستی باڵای خۆشەویستی ناخی كوردەواری بوو.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، كه‌ ئه‌و پێشوازییه‌ كاردانه‌وه‌ی ده‌بێت و نووسیویه‌تی: دڵنیام جۆش و خرۆشەكەی كوردستان، كاریگەری لەسەر رای گشتی رۆژئاوا دەبێت‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی سه‌رنجه‌كه‌یدا، مه‌لا به‌ختیار نووسیویه‌تی: "سەردەمی رق و ناكۆكی ئایینی - مەزهەبی - عەقیدەیی.. كۆتایی هاتووە، سەردەمی.. پێكەوەژیان و خۆشەویستی ئایینەكانە. شمشێری سەپاندنی مەزهەبی، شمشێری پەرچەكردار هەڵدەكێشێت. خۆشەویستی ئاینییش، خۆشەویستی مرۆیی دروست دەكات. دەبا لە ئاینداریدا ئازادبین".