پاپا داوای له كریستیانهكان كرد خاكهكهیان جێنههێڵن
لە خەونەکانتان رامەوەستن و چۆکدامەدەن و هیچکات هیوا لە دەست مەدەن
K24 – ھەولێر:
له مووسڵ، پاپا فرانسیس داوای لە کریستیانەکان كرد خاک و وڵاتەکەیان بەجێنەهێڵن و بێ هیوا نەبن. پاپا فرانسیس لە شارۆچكهی قەرەقوشی دهشتی نهینهوا رووی لە کریستیانەکان كرد و گوتی: "دەزانم بەهۆی شەڕەوە بە دۆخێکی زۆر سەختدا تێپەریون، بەڵام تکاتان لێدەکەم بێ هیوا نەبن و بەردەوام بن". قەداسەتی پاپا ئاماژە بەوەكرد، كە باوەڕی تەواوی هەیە خودا ئاشتی بۆ ئەم خاکە دەگەرێنێتەوە.
پاپا فرانسیس گوتی: "لە خەونەکانتان رامەوەستن و چۆکدامەدەن و هیچکات هیوا لە دەست مەدەن. شتێک کە زۆر سەرنجی راکێشام ئەوەیە کە پێویستە بەخشندەیی بەشی ئەو کەسانە بێت لە کردەوە تیرۆریستیەکان رزگاریان بووە. لێبوردەیی وشەی سەرەکییە. لێبوردەیی پێویستە بۆئەوەی خۆشەویستی بمێنێتەوە بۆ ئەوەی وەک کریستیان بمێننەوە".
گوتیشی: "لەوانەیە رێگای گەڕانەوە بۆ ژیانی ئاسایی رێگەیەکی دوور و درێژ بێت، بەڵام من داواتان لێدەکەم تکایە خۆراگر و لێبوردە بن و واز لە پێداگری و ئازایەتی خۆتان مەهێنن. دەزانم ئەمە زۆر سەختە بەڵام ئیمە باوەرمان وایە خودا ئاشتی بۆ ئەم وڵاتە بگەرێنێتەوە. هەموومان پێکەوە لەگەڵ ئەوانەی نیەتێکی پاک و بێگەردیان هەیە دەڵێین: نەخێر بۆ تیرۆریزم و قۆرخکاری ئایینی".