وەزیری تەندروستی ڤاكسینی كۆرۆنای لێدرا

د. سامان بەرزنجی: سەلامەتی بەكارھێنانی ئەو ڤاكسینە پشتڕاست كراوەتەوە

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان

K24 – ھەولێر

د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و د. دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری تەندروستی ھەولێر ڤاكسینی كۆرۆنایان لێدرا و داواش لە پزیشك و كارمەندانی تەندروستی دەكەن ڤاكسینەكە لەخۆیان بدەن.

وەزیری تەندروستی بە كوردستان24ی راگەیاند: "بۆ ھاندانی پزیشك و كارمەندان و دڵنیابوون لەو ڤاكسینە، ڤاكسینی كۆرۆنامان وەرگرت، دەمانەوێت رووبەڕووی ئەو پڕوپاگەندانە ببینەوە كە لەبارەی بەكارھێنانی ڤاكسین دەكرێت".

گوتیشی: "ئەگەر ئەو ڤاكسینە بەردەست بێت، وەرگرتنی ئەركە، سەلامەتی ئەو ڤاكسینە پشتڕاست كراوەتەوە، داواكارین لە پزیشك و كارمەندانی تەندروستی، ئەوانەی لە سەنگەری پێشەوەی رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنادان ھەرچی زووە بەشداربن لە وەرگرتنی ڤاكسین".

ھەر ئەمڕۆ د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەولێر ڤاكسینی كۆرۆنای لێدرا.

لەلایەكی دیكە و لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا د. سامان بەرزنجی گوتی: "ئەمڕۆ لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراق قسەم كردووە، بڕیارە 15ی ئەم مانگە كاروانێكی دیكەی ڤاكسین بگاتە ھەرێمی كوردستان كە بڕی 178 ھەزار ژەم ڤاكسینە، ھەوڵدەدەین لە داھاتوودا كاروانی دیكەش بگات و ھەموو چین و توێژەكان ڤاكسین وەربگرن".

گوتیشی: "ئەو كەسانەی كە ڤاكسین بەكاردێنن كارتێكیان بۆ دروست دەكرێت لەشێوەی بڕوانامە، كە وەك ڤیزا بەكاردەھێنرێت، ئێستا سەرقاڵی ئەو سیستمەین و لەسەر مۆبایل دادەنرێت، ھەر كەسێك ڤاكسین بەكاربێنێ ئەو بڕوانامەی بۆ دروست دەكرێت".

رۆژی 2/3/2021 كاروانی یەكەمی ڤاكسینی سینۆفارم-ی چینی گەیشته‌ ھەرێمی كوردستان، كە 5 ھەزار پێكوتەیە، لەسەر بنەمای بەشی پێداویستی بەسەر پارێزگاكان دابەشكراوە. بۆ یەكەمجار رۆژی 4/3/2021 ڤاكسینی كۆرۆنا لە سنووری پارێزگای ھەولێر بەكارھێنرا، دواتر لە پارێزگاكانی سلێمانی و دھۆك ھەڵمەتی كوتان بە ڤاكسینی كۆرۆنا بۆ پزیشك و كارمەندانی تەندروستی دەستیپێكرد.