مه‌سعود حه‌یده‌ر: مه‌رجه‌عیه‌تی سیاسی كوردستان جدییه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له تویتێكدا پشتیوانی و پێشوازی بۆ بانگه‌وازه‌كه‌ی مسته‌فا كازمی ده‌ربڕی
K24 – هه‌ولێر:
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له تویتێكدا پشتیوانی و پێشوازی بۆ بانگه‌وازه‌كه‌ی مسته‌فا كازمی ده‌ربڕی. ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه دێت، ئه‌مڕۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، مسته‌فا كازمی له بانگه‌وازێكدا داوای "گفتوگۆی نیشتمانی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا" كرد.
مه‌رجه‌عیه‌تی سیاسی كورد جدییه
مه‌سعود حه‌یده‌ر، راوێژكاری سه‌رۆك بارزانی و په‌رله‌مانتاری پێشووی كورد له به‌غدا له میانی به‌شداریكردنی له "ژووری هه‌واڵی كوردستان24" راگه‌یاند، "مه‌رجه‌عیه‌تی سیاسی هه‌رێمی كوردستان جدییه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا".
مه‌سعود حه‌یده‌ر، ئاماژه‌ی به وه‌ڵامی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی كرد، بۆ بانگه‌وازه‌كه‌ی كازمی و گوتیشی: هه‌فته‌ی رابردوو له خزمه‌تی جه‌نابی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سرور بارزانی بووم، دووپاتیكرده‌وه، كه روانگه و ستراتیژی حكومه‌ته‌كه‌ی ئه‌وه‌یه، كه جدییه بۆ چاره‌سه‌ركردنی سه‌رجه‌م كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور و له واده‌یه‌كی دیاریكراودا.
مه‌سعود حه‌یده‌ر، روونیكرده‌وه، بانگه‌وازه‌كه‌ی كازمی، هه‌وڵێكه بۆ ئه‌وه‌ی به رایگشتی ناوخۆیی و ده‌ره‌وه و رایگشتیی هه‌رێمی كوردستان بدات، كه ئه‌و ده‌یه‌وێت كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات. جدییه له‌و بابه‌ته و ره‌نگه بیه‌وێت له‌و رێگه‌یه‌وه وه‌به‌رهێنانی سیاسی بۆ خۆی بكات، به‌و پێیه‌ی هه‌ڵبژاردنی داهاتوو نزیكه.
ره‌نگه كوتله شیعییه‌كان ره‌تیبكه‌نه‌وه
سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، ئه‌گه‌ر هه‌یه كوتله و سه‌ركرده شیعییه‌كان له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا نه‌یانه‌وێت ئه‌و په‌یامه‌ی كازمی بگاته ئامانج بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بێته ده‌ستكه‌وتێكی سیاسی بۆ كازمی و به‌و هۆیه‌وه ده‌نگ به‌ده‌ست نه‌هێنێت. هاوكات كازمیش ره‌نگه له حاڵه‌تی شكستهێنانی بانگه‌وازه‌كه‌یدا، له هه‌ڵبژاردنی داهاتوو به‌رپرسیارێتییه‌كه بخاته ئه‌ستۆی ئه‌وانه‌ی شكستیان به هه‌وڵه‌كه‌ی هێنا و به‌و هۆیه‌وه رایگشتیی ناوخۆیی ده‌نگ به‌و كه‌سانه نه‌ده‌ن كه دژی چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ی كێشه‌كان بوون.
له باره‌ی هه‌ڵوێستی كورده‌وه، مه‌سعود حه‌یده‌ر دووپاتیكرده‌وه، هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی ته‌واوی هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان.
دوو مادده په‌سندكردنی پڕۆژه‌یاسای دادگای ئیتیحادییان په‌كخستووه
سه‌باره‌ت به پرسی دادگای ده‌ستووری و په‌سندكردنی پڕۆژه‌یاساكه‌ی، راوێژكاره‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی روونیكرده‌وه، هه‌تا ئه‌و یاسایه په‌سند نه‌كرێت و دادگاكه ئه‌ندامه‌كانی ده‌ستنیشان نه‌كرێن، پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه ناچێت.
ئه‌مڕۆ (8ی ئازار/ مارسی 2021)، كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران بۆ په‌سندكردنی پڕۆژه‌یاسای دادگای ئیتیحادی به‌رده‌وامه. ئه‌گه‌رچی بڕیار بوو كاتژمێر (05:00)ی ئه‌م ئێواره نوێنه‌ران كۆببنه‌وه، به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌كه دواخرا.
دواخستنی كۆبوونه‌وه‌كه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، لایه‌ن و كوتله سیاسییه‌كان سه‌باره‌ت به دوو مادده‌ی پڕۆژه‌یاساكه ناكۆكن.
ناكۆكییه‌كان ئه‌گه‌رچی له‌سه‌ر شه‌ش مادده بوو، به‌ڵام دواجار چواریان په‌سند كران و ته‌نیا دوو مادده ماونه‌ته‌وه.
مانه‌وه‌ی دوو مادده‌كه سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ناچار كرد، كۆبوونه‌وه‌ی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دوابخات و له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی یاسایی و سه‌رۆكی كوتله سیاسییه‌كان كۆببێته‌وه.
له پڕۆژه یاساكه‌دا، مادده‌ی (3) تایبه‌ته به ده‌ستنیشانكردنی میكانیزمی پرۆسه‌ی ده‌نگدان له‌ناو ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌رانی دادگاكه‌دا. هه‌روه‌ها مادده‌ی (12) تایبه‌ته به ده‌ستنیشانكردنی میكانیزمی هه‌ڵبژاردنی دادوه‌ران.
كورد دوو دادوه‌ری ده‌بێت
مه‌یاده نه‌جاڕ، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران له كوتله‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ "كوردستان24"ی راگه‌یاند، دادگای ئیتیحادی رۆڵێكی زۆر گرنگ و كاریگه‌ری هه‌یه و پێویسته ده‌قی یاساكه‌ی زۆر ورد بێت و هیچ بوارێك بۆ ده‌ستتێوه‌ردان نه‌ڕه‌خسێنێت.
گوتیشی: پشكی كورد له ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌رانی دادگاكه‌دا، دوو دادوه‌ره و دوای په‌سندكردنی یاساكه، هه‌رێمی كوردستان دادوه‌ره‌كان ده‌ستنیشان ده‌كات.
هه‌فته‌ی رابردوو، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق پڕۆژه‌یاسای دادگای ئیتیحادی خسته به‌ر باس و له كۆی (24) مادده‌ی پڕۆژه‌كه (18)یان په‌سند كران و (6)یان مانه‌وه.
دووشه‌ممه‌ی داهاتوو ده‌نگ له‌سه‌ر بودجه ده‌درێت
له باره‌ی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ئیتیحادیشه‌وه، كه تا ئێستا په‌سند نه‌كراوه، مه‌سعود حه‌یده‌ر، راوێژكاری سه‌رۆك بارزانی پێشبینی كرد، هه‌فته‌ی داهاتوو پڕۆژه‌یاساكه په‌سند بكرێت.
ئه‌و گوتیشی: لیژنه‌ی دارایی و لایه‌نه شیعییه‌كان زۆر گۆڕانكاریان له ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاساكه‌دا كردووه، به جۆرێك (54) گۆڕانكاریان تێدا كردووه و ئامانجیانه ئه‌و بودجه‌یه نه‌بێته سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگی دارایی بۆ كازمی تا له بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا به‌كاری بهێنێت.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، محه‌ممه‌د حه‌لبووسی، رایگه‌یاند، له‌سه‌ر داوای (150) ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، رۆژی دووشه‌ممه‌ی داهاتوو پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ئیتیحادی ده‌خرێته ده‌نگدانه‌وه.
مه‌سعود حه‌یده‌ر، سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشا له پڕۆژه‌یاسای بودجه‌دا نه‌وتی عێراق بۆ هه‌ر به‌رمیلێك (45) دۆلار خه‌مڵێندراوه، به‌ڵام ئێستا نه‌وت گه‌یشتووه‌ته سه‌رووی (70) دۆلار و ئه‌مه‌ش پێویستی به هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر كردنه، چونكه بڕی داهاتی عێراق له فرۆشتنی نه‌وت (23) ملیار دۆلار ساڵانه زیاتر ده‌بێت.
رێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا
له مانگی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری رابردوودا هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر پشكی هه‌رێم له بودجه‌ی ئیتیحادیدا رێككه‌وتن و هه‌رێم رازی بوو، رۆژانه (250) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت و نیوه‌ی داهاتی نا نه‌وتی راده‌ستی عێراق بكات. له به‌رامبه‌ریشدا به‌غدا بڕی (12.6%)ی بودجه‌ی گشتیی عێراق بۆ هه‌رێمی كوردستان ته‌رخان بكات.
ئه‌و رێككه‌وتنه بووه‌ته بنه‌مای داڕشتنی ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ئیتیحادی بۆ ساڵی (2021)، به‌ڵام ژماره‌یه‌ك له كوتله سیاسییه‌كانی شیعه له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ئه‌و رێككه‌وتنه ره‌تده‌كه‌نه‌وه و داوا ده‌كه‌ن، "دۆسیه‌ی نه‌وت"ی هه‌رێمی كوردستان به ته‌واوی راده‌ستی به‌غدا بكرێت و هه‌ندێك كوتله‌ی دیكه داوا ده‌كه‌ن، هه‌رێمی كوردستان رۆژانه (500) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستی به‌غدا بكات.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، سه‌ره‌تای شوباتی رابردوو، حه‌سه‌ن نازم، گوته‌بێژی حكومه‌تی عێراق گوتی: "له چه‌ند رۆژی داهاتوودا پرسی پشكی هه‌رێم له بودجه‌ی ئیتیحادی چاره‌سه‌ر و یه‌كلا ده‌كرێته‌وه"، به‌ڵام دوای تێپه‌ڕینی مانگێك به‌سه‌ر ئه‌و لێدوانه‌دا هێشتا ئه‌و پرسه یه‌كلا نه‌كراوه‌ته‌وه.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، حه‌سه‌ن نازم، رۆژی (8ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2021) گوتی: سه‌باره‌ت به پشكی هه‌رێمی كوردستان له بودجه‌دا، حكومه‌ت بۆچوونی خۆی هه‌یه، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانیش بۆچوونی خۆی هه‌یه. حكومه‌ت له لای خۆیه‌وه پرسی پشكی هه‌رێمی كوردستانی له بودجه‌دا یه‌كلاكردووه‌ته‌وه، ئه‌ویش بریتیه له راده‌ستكردنی (250) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه و رێككه‌وتنیشی له‌سه‌ر كراوه، هه‌روه‌ها كورد له‌سه‌ر یاسای قه‌رز رازی بووه، بۆیه ئه‌مه بۆچوونی سه‌قامگیری حكومه‌ته. پرسه‌كه ئێستا ئه‌وه‌یه كه بودجه هه‌مواری له‌سه‌ره و بۆچوونی جیاواز له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران هه‌یه، پرسه‌كه له‌م رووه‌وه یه‌كلانه‌بووه‌ته‌وه و پێمان وایه له چه‌ند رۆژی داهاتوودا، جۆرێك له دیدار و لێكتێگه‌یشتن ده‌بێت، بۆ گه‌یشتن به شتێكی كۆتایی سه‌باره‌ت به پشكی هه‌رێم".
بڕی بودجه
حكومه‌تی عێراق، له (22ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2020)، ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی (2021)ی به بڕی (164) تریلیۆن دینار (نزیكه‌ی 113.1 ملیار دۆلار)، مه‌زنده كرد و كۆی گشتیی بودجه‌كه بڕی (76) تریلیۆن دینار (نزیكه‌ی 32.4 ملیار دۆلار) كورتهێنانی هه‌بووه.
دوای ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ره‌وانه كراوه، له لایه‌ن لیژنه‌ی داراییه‌وه هه‌مواری ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاساكه كراوه و كۆی گشتیی قه‌باره‌ی بودجه‌كه بۆ (130) تریلیۆن دینار (نزیكه‌ی 89.6 ملیار دۆلار) كه‌مكراوه‌ته‌وه و ئاستی كورتهێنانیش بۆ (25) ترلیۆن دینار (نزیكه‌ی 17.2 ملیار دۆلار) كه‌مكراوه‌ته‌وه .
داڕشتنه‌وه: ئ.ر