رۆژنامەیەکی عەرەب: ئەگەری دروستبوونی دەوڵەتێك بۆ کورد هەیە
"ئەگەر هەیە سوننە و شیعە و تەنانەت مەسیحییەکانیش ببنە خاوەنی وڵاتی خۆیان"

K24-هەولێر
چەند ناوەندێکی میدیای عەرەبی بایەخیان بە یادی سەد ساڵەی رێکەوتنامەی سایکس پیکۆ داوە لە نێویشیاندا رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی چاپی لەندەن، کە راپۆرتێکی بڵاوکردووهتەوە تێیدا ئاماژەی بە ئەگەری دروستبوونی چەندین دەوڵەتی دیکە کردووە بۆ کورد و سوننە و شیعە و تەنانەت مەسیحییەکانیش.
16 مانگی ئایاری ساڵی 1916 بریتانیا و فەرەنسا لە سەر داڕشتنەوەی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رێکەوتن و دوای نەمانی دەسەڵاتی عوسمانییەکان، ناوچەکەیان لەنێوان خۆیاندا لە چوارچێوەی رێکەوتنامەی ناسراو بە سایکس پیکۆ دابەشکرد.
سەرەتای رێککەوتنەکە بۆ ساڵی 1915 دەگەڕێتەوە و ساڵێک دواتر لەنیوان پاریس و لەندەن واژۆ کرا، هەرچەندە رێکەوتنێکی نهێنی بووە و نوێنەری قەیسەری رووسیاش تێیدا بەشداربوو، بەڵام بەهۆی هاتنەسەر دەسەڵاتی رژێمی کۆمۆنیستی و رووخانی قەیسەر، رووسیا نەیتوانی سوودی لێببینێت.
شەرقولئەوسەت نووسیویەتی: "سایکس هێڵێکی کێشاوە کە بە پیتی ئەی ئینگلیزی دەستیپێکردووە وەک نیشانە بۆ سەرەتای وشەی عەکا کە بە ئینگلیزی بە پیتی ئەی دەستپێدەکات و بە پیتی کەی کۆتایی دێت وەک نیشانە بۆ شاری کەرکووک".
رۆژنامەکە دەڵێ: "هەردوو دیپلۆماتکارە فەرەنسی و ئینگلیزییەکە هیچ گوێیان بە پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی ئەو ناوچانە نەداو، هاتن و لە نێو خۆیاندا دابەشیان کرد، بەگوێرەی دابەشکارییەکەش، سووریا بۆ فەرەنسییەکان و عێراق تا نیمچە دوورگەی عەرەبیش بۆ بریتانیا".
دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی یەکەم و لە ساڵی 1920 بە کرداریی نەخشەکە جێبەجێکراو سووریا و لوبنان بۆ فەرەنسا، عێراق و فەڵەستین و ئوردنیش خرانە ژێر دەسەڵاتی بریتانیا.
ساڵی 1992 یش رێکخراوی کۆمەڵەی گەلان، کە ناوی پێشووی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە، ئەم دابەشکارییەی بە فەرمی ناساند.
لە کۆتاییدا، شەرقولئەوسەت نووسیویەتی: "دوای سەد ساڵ، جارێکی دیکە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی دیکەی سەخت و ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، دەسەڵاتداران زیاتر دەست بە کورسییەکانیانەوە دەگرن و گەلانی ناوچەکەش هەوڵی ئازادی و یەکسانی کۆمەڵایەتی دەدەن، بەمەش رێگا خۆشبووە بۆ دابەشکردنێکی دیکەی وڵاتە عەرەبییەکانی ناوچەکە بۆ چەند دەوڵەتێکی کوردی و شیعە و سوننە و مەسیحی".