ئه‌وروپا سوپاس و ده‌ستخۆشی له‌ خه‌ڵك و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

په‌رله‌مانی ئه‌وروپا: هیوادارین سەردانەکەی پاپا ببێتە هۆی پتەوکردنی گیانی پێکەوەژیان و لێبوردەیی

په‌رله‌مانی یه‌كێتی ئه‌وروپا
په‌رله‌مانی یه‌كێتی ئه‌وروپا

K24- هه‌ولێر:

پەرلەمانی ئەوروپا سوپاس و دەستخۆشی لە خەڵك و حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەکات، کە بە سەرکەوتوویی و لە ئاستێکی بەرز پێشوازییان لە قەداسەتی پاپا فرانسیس کردووە.

دۆمێنیك روز دێڤیسا، سەرۆکی کاربەڕێکه‌ری لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی ئەوروپا لەگەڵ عێراق رایگەیاند: سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەکەم، بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لە قەداسەتی پاپا فرانسیس کرد، لە ماوەی مانەوەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق.

دێڤیسا گوتی: ئامادەکاری و هاوکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بوونە هۆی سەرکەوتنی سەردانە مێژووییەکەی قەداسەتی پاپا.

هەروەها سوپاسی ئەو پێشوازییە گەرمەشی كرد، كه‌ لەلایەن خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە لە پاپا کراوە.

هیواشی خواشت سەردانەکەی پاپا ببێتە هۆی پتەوکردنی گیانی پێکەوەژیان و لێبوردەیی. جەختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کاردەکەن، بۆ ئەوەی هاوکاربن لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی گشتگیر، ئاسایش و سه‌قامگیر لە عێراقی فێدراڵ.

رۆژی 5 تا 7ی ئەم مانگە، پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان سەردانی هەرێمی کوردستان و عێراقی کرد و بۆ یەکەمجار لە رۆژهەڵاتی ناوەراست گەورەترین قوداسی لە یاریگای نێودەوڵەتی فرانسۆ هەریری لە هەولێری پایتەختی هه‌رێمی كوردستان ئەنجامدا.

H.B