قاسم ئەعرەجی لێدوانەكانی فەرماندەی نێردەی باكووری ئەتلەسی بەدرۆ دەخاتەوە
لە لایەن حكومەتی عێراقەوە ھیچ بڕیار و ئاراستەیەك نییە بۆ زیادكردنی ژمارەكانیان یان گۆڕینی ئەركی راوێژكارییان
K24 – ھەولێر:
راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق، قاسم ئەعرەجی لێدوانەكانی فەرماندەی باكووری ئەتلەسی (ناتۆ)، جەنەڕاڵ (پیێر ئۆلسن)ی بەدرۆ خستەوە لە بارەی داواكەی خۆی بۆ زیادكردنی ژمارەی ھێزەكانی ناتۆ لەعێراقدا.
نووسینگەی ئەعرەجی لە راگەیاندراوێكدا، ئەمڕۆ چوارشەممە، گوتی: "ئەعرەجی ئەمڕۆ پێشوازییكردووە لە نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، جنین پلاسخارت و لە میانی چاوپێكەوتنەكەدا باس لە ھاریكاری نێوان عێراق و نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان كراوە و جەخت لەسەر گرنگی بەردەوامی پشتیوانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق كراوەتەوە".
ئەعرەجی روونیكردووەتەوە، "حكومەت رێز لە بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەگرێت سەبارەت بە ھێزەكانی بیانی و كار دەكات بۆ كۆتاییھێنان بەو دۆسیە بەشێوەیەكی ھێورانە، كە دابینی سەقامگیری وڵات بكات".
ئەعرەجی لەگەڵ پلاسخارت، باسی "ئەركی نێردەی ناتۆی لە عێراق" كرد و جەختیكردەوە "ژمارەی كارمەندانی ناتۆ 320 كەسن و تەنھا بریتین لەبسپۆڕان و راھێنەران و كارمەندان و نێردەكە ھیچ ئەركێكی جەنگی وە ئەمنیی لە عێراق نییە".
ئەعرەجی ئاماژەشیكرد، "ئەركی نێردەی ناتۆ لە عێراق تەنھا دەكەوێتە ژێر وەسفی راوێژكاری و راھێنان". لە لایەن حكومەتی عێراقەوە ھیچ بڕیار و ئاراستەیەك نییە بۆ زیادكردنی ژمارەكانیان یان گۆڕینی ئەركی راوێژكارییان و ھەر قسەیەك لە بارەی زیادكردنی ژمارەی كارمەندانی ناتۆ لە عێراق راست نییە".
فەرماندەی نێردەی باكووری ئەتلەسی "ناتۆ" لە عێراق، جەنەڕاڵ پیێر ئۆلسن، سێشەممەی رابردوو گوتی: راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراقی، قاسم ئەعرەجی داواكارییەكی فەرمیی پێشكەشكردووە بۆ زیادكردنی ژمارەی ناتۆ لە عێراقدا".