ناتنیاھۆ: "مۆساد"م ناردووەتە ناوەڕاستی تاران
"ئەگەر ئێران ھەوڵ بدات ھێرشمان بكاتە سەر، ھێرشیان دەكەینە سەر، یان پێش ئەوان ئێمە ھێرشیان دەكەینە سەر"
K24 – ھەولێر:
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتنیاھۆ جەختیكردەوە، ئەو "مۆسادی ناردووەتە ناوەڕاستی تاران بۆ ھێنانی نھێنییەكانی دۆسیەی ئەتۆمی ئێرانی و نمایشكردنیان بۆ جیھان، بۆ ئەوەی ببینن پلانە نھێنییەكانی ئێران لەم بارەوە چین".
ناتنیاھۆ گوتی: كاری دیكەشمان كردووە، بەڵام ئاشكرایان ناكەم، من رۆڵم وەك سەرۆكی حكومەتی ئیسرائیل ئەوەیە "پابەندم بە رێگەگرتن لە ئێران لە دەستبەركردنی چەكی ئەتۆمی بۆ ھەڕەشەكردن لەدەوروبەری و لە دەوڵەتی جوولەكە".
بنیامین ناتنیاھۆ، جەختیكردەوە لەسەر ھەوڵەكانی سوپای ئیسرائیل بۆ رێگەگرتن لە جێگیربوونی ئێرانی لە سووریا، دووپاتیشیكردەوە سیاسەتی وڵاتەكەی بەرامبەر بە ئێران "روون و ئاشكرایە".
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەیكرد، "سیاسەتێكی روونی ھەیە بەرامبەر بە ئێران" و ھەڕەشەی كرد و گوتی: "ئەگەر ئێران ھەوڵ بدات ھێرشمان بكاتە سەر، ھێرشیان دەكەینە سەر، یان پێش ئەوان ئێمە ھێرشیان دەكەینە سەر".
گوتیشی: "ھەوڵە سەركییەكان و كارە دوژمنكارییە سەرەكییەكانی ئێران ئاراستەكراوە لە پێناو پەرەپێدانی بنكەكانی دژ بە ئیسرائیل و بنكەكانی سەربازی ئێران لە سووریا ھەن، كە دژ بە ئێمە ئاراستەكراون".
روونیشیكردەوە، "من فەرمانم بە سوپای ئیسرائیل كردووە، بە ھەر نرخێك بێت رێگری جێگیربوونی ئێران لە سووریا بكەن و ئێوە دەبینن، ئێمە ھەر چەند رۆژ جارێك سووریا بۆردومان دەكەین".
گوتیشی: "ئێمە ھەنگاوی فراوان دەگرینەنەر، بازنەكەش فراوان دەكەین لە پێناو رێگەگرتن لە گەیشتنی ئێران بە ئامانجەكانی و گورزمان لە ھەوڵەكانی ئەو بۆ گەیشتن بەو توانایانە داوە".
ناتنیاھۆ ئۆمێدی خواست "ویلایەتە یەكگرتووەكان لە تەك ئیسرائیل بوەستێت"، و گوتیشی: "پەیوەندییەكی تەلەفۆنیم لەگەڵ سەرۆكی ئەمەریكا، جۆ بایدن كردووە، كە بەدرێژایی 40 ساڵ ھاوڕێم بووە، ئەویش پابەندبوونی خۆی نوێكردەوە لە رێگەگرتن لە گەیشتنی بە چەكی ئەتۆمی".