بە ڤیدیۆ.. دوو بۆمبی چێنراو لە عێراق تەقینەوە و كوژراو و برینداریان لێكەوتەوە
كاراونێكی سەر بە ھێزەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیش كرایە ئامانج
K24 – ھەولێر:
شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، ئەندامێكی ھێزەكانی ئەمنی كوژراوە و یەكێكی دیكە بریندار بووە لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو لە باشووری وڵات.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە راگەیاندراوێكدا، كە ئاژانسی فەرمیی ھەواڵی عێراقی بڵاویكردەوە گوتی: "ئەو بۆمبە چێنراوە بە مەفرەزەیەكی ئەمنیدا تەقیوەتەوە، كە كاری رووماڵكردنی رێگای خێرای نێودەوڵەتییان دەكرد لە پارێزگای دیوانیە".
لەلایەكیدیكەوە ھەر ئەمڕۆ سەرچاوەیەكی ئەمنی رایگەیاند، ئافرەتێك بریندار بووە لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو كە كاروانێكی ھێزەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە فەلوجە كردووەتە ئامانج.
سەرچاوە ئەمنییەكە رایگەیاندووە، ئەو بۆمبە چێنراوەی كاروانێكی ھێزەكانی ھاوپەیمانی كردە ئامانج لە فەلوجە، بە ئۆتۆمبێلێكی مەدەنیدا تەقییەوە، كە لەگەڵ كاروانەكەدا دەڕۆیشت و زیان بە ئۆتۆمبێلەكە كەوت و ئافرەتێك بە سووكی بریندار بوو.
لەم دواییانەدا كردەوەكانی بە ئامانجكردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی كەرستەی لۆجیستی بۆ ھێزەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق دەگوازنەوە، زیادیكردووە بە تایبەتی لەو ناوچانەی میلیشیاكانی عێراقیی سەر بە ئێران تێیدا بڵاوبوونەتەوە.
لەو كاتەی ھێرشەكان دەستیانپێكردووە، چەند كۆمەڵەیەكی نوێی نزیك لە تاران بەرپرسیارییەتی خۆیان راگەیاندووە لە بە ئامانجكردنی كاروانەكانی لۆجیستی سەر بە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی.