زەریف لە وەڵامی بلینكن: دووبارەكردنەوەی ھەمان سیاسەت ئەنجامی نوێ نادات بەدەستەوە
زەریف : بلینكن شانازی دەكات بە نەدانەوەی پارە تایبەتەكانی خۆمان، كە تەنھا بۆ كڕینی خۆراك و دەرمان بەكاریان دەھێنین
K24 – ھەولێر:
وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جواد زەریف وەڵامی لێدوانەكەی ھاوتا ئەمەریكاییەكەی، "ئەنتۆنی بلینكن"ی دایەوە لە بارەی پارە سڕكراوەكانی ئێران لە كوریای باشوور و گوتی: "دووبارەكردنەوەی ھەمان سیاسەت ئەنجامی نوێ نادات بەدەستەوە".
زەریف ناونیشانی لێدوانێكی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، "ئەنتۆنی بلینكن"ی بڵاوكردووەتەوە، كە تێیدا دەڵێت: "تا رێككەوتنی ئەتۆمی جێبەجێنەكات، ئێران ھیچ پارەیەكی لە لای كوریای باشوور نییە"، زەریف نووسیویەتی: ویلایەتە یەكگرتووەكان دەڵێت، ئەوان دیپلۆماسییەت بەباشتر دەبینن، نەك سیاسەتە شكستخواردووەكەی سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ "توندترین فشار".
زەریف گوتیشی: بلینكن شانازی دەكات بەوەی وڵاتەكەی رێگا بە كۆریای باشوور نادات پارە تایبەتەكانی خۆمان بداتەوە، لەڕێگای سوییسرییەكانەوە (كە تاكە كەناڵی پەیوەندی لە نێوان ئەمەریكا و ئێران بۆ كاروباری مرۆڤی)، كە تەنھا بۆ كڕینی خۆراك و دەرمان بەكاردەھێنرێن.
زەریف لە كۆتاییدا جەختیكردەوە لەوەی دووبارەكردنەوەی ھەمان سیاسەت ئەنجامی نوێ نادات بەدەستەوە.
سەرچاوە: RT