به‌غدا: ناتۆ به‌ڵێنی دا رێز له سه‌روه‌ری عێراق بگرێت
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق، له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، سكرتێری گشتیی په‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی(ناتۆ)، ینس ستۆڵتنبێرگ، به‌ڵێنی داوه له ماوه‌ی مانه‌وه‌یان له عێراق رێز له سه‌روه‌ری عێراق بگرن.
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق، له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، سكرتێری گشتیی په‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی(ناتۆ)، ینس ستۆڵتنبێرگ، به‌ڵێنی داوه له ماوه‌ی مانه‌وه‌یان له عێراق رێز له سه‌روه‌ری عێراق بگرن.
دوێنێ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی هاوپه‌یمانییه‌كه له برۆكسل به‌ڕێوه‌چوو و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، فوئاد حوسێن له رێی ڤیدیۆكۆنفرانسه‌وه به‌شداری كرد.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باڵیۆزانی 28 وڵاتی ئه‌ندام له هاوپه‌یمانییه‌كه و وڵاتانی هاوبه‌شی وه‌ك ئوسترالیا، فنله‌ندا و سوید پرسی مانه‌وه‌ی ناتۆیان له عێراق تاوتوێكرد.
له‌و میانه‌یه‌دا، فوئاد حوسێن به پێویستی زانی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی ناتۆ بۆ عێراق له چوارچێوه‌ی راهێنان به هێزه ئه‌منییه‌كانی عێراق به‌رده‌وام بێت.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق گوتیشی: مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ناتۆ له‌سه‌ر داوای حكومه‌تی عێراقه و له پێناو پاراستنی سه‌قامگیری و به‌هێزكردنی دامه‌زراوه ئه‌منییه‌كان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و رێگرتنه له دووباره گه‌ڕانه‌وه‌ی داعش.
به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌كه، په‌یمانی ناتۆ به‌ڵێنی داوه له چوارچێوه‌ی پاراستنی سه‌روه‌ری عێراق درێژه به كاره‌كانی بدات و یارمه‌تی هێزه ئه‌منییه‌كانی عێراق بدات.
له (18ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2021)، ستۆلتبێرگ رایگه‌یاند، ناتۆ ژماره‌ی هێزه‌كانی له عێراق له 500 سه‌ربازه‌وه زیاد ده‌كات بۆ 4000 سه‌رباز.
له به‌رامبه‌ردا رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو، حكومه‌تی عێراق رایگه‌یاند، هێشتا هیچ بڕیارێكی له باره‌ی زیادكردنی هێزه‌كانی ناتۆ له عێراق نه‌داوه.