بەرپرسە گەورەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل باسی مەترسییەكانی ئێران دەكەن
ھەردوو لا جەختیانكردووەتەوە لەسەر بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەكان و ئەو ھەڕەشانەی دووچاری ناوچەكە دەبنەوە
K24 - ھەولێر:
كۆشكی سپی رایگەیاند، بەرپرسە گەورەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە یەكەم ڤیدیۆ كۆنفرانسی كۆبوونەوەی كۆمەڵەی دووانەیی ستراتیجی باسی مەترسییەكانیان لە بارەی ئێرانەوە كردووە.
گوتەبێژ بەناوی ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە كۆشكی سپی، ئیمێلی ھۆرن گوتی: "راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا، جەیك سۆلیڤان و ھاوتا ئیسرائیلییەكەی مائێر بن شبات سەركردایەتی شاندی وڵاتی خۆیان كردووە".
گوتیشی: ھەردوو لا لەمیانی گفتوگۆكاندا، تێڕوانییەكانی خۆیان ئاڵوگۆڕ كردووە لەبارەی پرسە ئەمنییە گرنگەكانی ناوچەیی و مەترسییە ھاوبەشەكانیان، لەوانەش پرسی ئێران، و ھەردوولا جەختیانكردووەتەوە لەسەر بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەكان و ئەو ھەڕەشانەی دووچاری ناوچەكە دەبنەوە".
ئاماژەشیكرد، "ھەردوولا رێككەوتن لە سەر بەردەوامیدان بە دانوستان لە ئایندەدا".
ئێدارەی سەرۆكی ئەمەریكا جۆ بایدن، ئەو كۆبوونەوەیەی خستە چوارچێوەی ھەوڵەكانی بۆ راوێژكردن لەگەڵ ھاوپەیمانان و ھاوبەشەكانیان، ھاوكات ھەولیش دەدات بۆ راكێشانی ئێران بەرەو دانوستان سەبارەت بەگەڕانەوەی تاران و واشنتن بۆ پابەندبوون بەرێككەوتنی ئەتۆمیی واژووكراو لە سالی 2015.
سەرچاوە: "رۆیتەرز"