"وۆل ستریت جۆرناڵ": لە ساڵی 2019وە، ئیسرائیل ھێرشی كردووەتە سەر 12 كەشتی ئێرانی
دوێنێش كەشتییەكی ئێرانی مووشەكێكی بەركەوتووە لە نزیك ئاوی ناوچەیی سووریا
K24 - ھەولێر:
رۆژنامەی "وۆل ستریت جۆرنال"ی ئەمەریكای، دوێنێ پێنجشەمە، ئاشكرایكرد، ئیسرائیل لە میانی ساڵ و نیوی رابردوودا، بە لای كەمەوە 12 كەشتی نەوت ھەڵگری ئێرانیی یان ئەوانەی نەوتی ئێرانیان ھەڵگرتووە بە ئاراستەی سووریا كردوونیەتە ئامانج.
رۆژنامەكە لە راپۆرتێكدا، كە پشتی بە قسەكانی بەرپرسانی ئەمەریكایی و ناوچەیی بەستووە، رایگەیاند، لە كۆتاییەكانی ساڵی 2019 ئیسرائیل چەكی لە جۆری مینی دەریایی بەكارھێناوە بۆ لێدانی كەشتییە ئێرانییەكان یان ئەو كەشتیانەی باری ئێرانییان ھەڵگرتووە بە ئاراستەی سووریا، ئەو بە ئامانجكردنانەش یان لە دەریای سووردا بوونە یان لە ھەندێك ناوچەی دیكەدا ئەنجامدراون.
راپۆرتەكە گوتیشی: ئەو ھێرشە ئیسرائیلیانە، جگە لە باری نەوت كەشتییە بارھەڵگرەكانی دیكەشی كردووەتە ئامانج لەوانەش بارەكانی چەك و تەقەمەنی. ئاماژەشیكرد، "پێشتر ئەو ھێرشانەی كراوەنەتە سەر كەشتییە بارھەڵگرە نەوتییەكانی ئێرانی ئاشكرا نەكراون، ھەرچەندە بەرپرسە ئێرانییەكان پێشتر رایانگەیاندبوو كەشتییە دەریاییەكانیان دووچاری ھێرش بوونەتەوە و گوتییان ئەوان گومان لە تێوەگلانی ئیسرائیل لەم كارەدا دەكەن ".
رۆژنامەكە گوتی: ئەو ھێرشانەی ئیسرائیل بۆ سەر كەشتییە نەوت گوێزەرەوەكانی ئیرانی "رەھەندێكی نوێیە لە ھەڵمەتی ئیسرائیل بو رووبەڕووبوونەوەی جیگیربوونی سەربازی و ئابووری ئێران لە ناوچەكەدا"، ئاماژەشیكرد، "لە ساڵی 2018 ئیسرائیل بەسەدان گورزی ئاسمانیی ئەنجامداوە و زۆربەیان لە ناوچەكانی سووریا بوونە بۆ رێگاگرتن لە ئێران لە بەھێزكردنی ھەژموونی خۆی لە ناوچەكەدا".
راپۆرتەكە گوتی: ئەو ھێرشانەی ئیسرائیل لە ترسی ئەوە بووە، نەوەك ئێران قازانجەكانی لە فرۆشتنی نەوت بەكاربھێنێت، بۆ پارەداركردنی "باڵەكانی خۆی" لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا. ئاماژەشیكردووە، وێڕای سزا ئەمەریكاییەكانی سەپێنراو بەسەر ئێران و سزا نێودەوڵەتییەكانی سەپێنراو بەسەر سووریادا، كەچی فرۆشتنی نەوتی ئێرانی ھەر بەردەوامە.
راپۆرتەكە گوتیشی: ھێزی پاسدارانی ئێرانی كۆنترۆڵی ئەو بارە نەوتیانەی ئێرانی دەكەن ئەوانەی بەرەو سووریا دەچن، ئامانجیش لەم كردەوانەی ئێرانی، خۆ دزینەوەیە لە سەر ئەو سزایانەی لەسەر ھەر یەك لە ئێران و سووریا سەپێنراون بۆ "پارەداركردنی پاسدارنی ئێرانی" و جەختیشیكردەوە لەسەر ئەوەی " زۆربەی جارەكان ئەو جۆرە كەشتیانەی بارھەڵگر بە بەھای سەدان ملیۆن دۆلار نەوت ھەڵدەگرن و دەگوازنەوە".
"وۆل ستریت جۆرنال" لە "بەرپرسانی سەربازی ناوچەكە"ی گوستووەتەوە، كە گوتوویانە، "ھەڵگرانی بارەكە زۆربەی جارەكان ناوی شوێنی راستەقینەی ئاراستەكانیان ئاشكرا ناكەن و بەھەڵە دەیڵێن و كەشتی كۆنی ژەنگاوی بەكاردەھێنن بۆ خۆ پاراستن لە مەترسییەكان و ھەندێك جاریش لەناو دەریادا نەوت لە كەشتییەكەوە دەگوازنەوە بۆ كەشتییەكی دیكە بۆ ئەوەی ئاشكرا نەبێت".
دوێنێ پێنجشەممە، "رۆژنامەی ئێندپێندنت" رایگەیاند، كەشتییەكی ئێرانی مووشەكێكی بەركەوتووە لە نزیك ئاوی ناوچەیی سووریا، كە ئەگەری ھەیە لە جۆری ئاسمانی – زەوی بێت.