كۆمەڵە چەكدارێك بە جلی سەربازییەوە 7 ئەندامی خێزانێك لە تكریت دەكوژن

كوژراوەكان چوار برا و خوشك و دایكیانە و بریندارەكەش برا بچووكەكەیانە

كۆمەڵە چەكدارێكی بە جلی سەربازییەوە 7 ئەندامی خێزانێك لە تكریت دەكوژن
كۆمەڵە چەكدارێكی بە جلی سەربازییەوە 7 ئەندامی خێزانێك لە تكریت دەكوژن

K24 - ھەولێر:

سەرچاوەیەكی ئەمنی لە پارێزگای سەلاحەدین رایگەیاند، كۆمەڵە چەكدارێك بە جلی سەربازییەوە، ئەمڕۆ ھەینی 7 ئەندامی یەك خێزانیان كوشتووە لە ناوچەی ئەلبوو دور لە باشووری تكریت.

سەرچاوە ئەمنییەكە گوتی: "كۆمەڵە چەكدارێك ئەمڕۆ بەیانی رۆژی ھەینی ھێرشیان كردووەتە سەر ماڵەكانی گوندێكی ئەلبو دوور و تەقەیان لێیانكردووە و لە ئەنجامدا 7 ئەندامی خێزانێك كوژراون و یەكێكی دیكەشیان بریندار بووە".

سەرچاوەكە روونیكردووەتەوە، كوژراوەكان چوار برا و خوشك و دایكیانە و بریندارەكەش برا بچووكەكەیانە.

ئاماژەشیكرد، كۆمەڵە چەكدارەكە جلی سەربازییان لە بەربووە و دوو ئۆتۆمبێلیان پێ بووە و ھێرشەكەیان ئەنجامداوە، بەپێی ئەوانەی بینیویانن.

قائیمقامی قەزای تكریت، عومەر ئەلشنداح بە شەفەق نیوزی راگەیاندووە، "زانیاری و لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان جەختدەكەنەوە لەسەر ئەوەی رووداوەكە تیرۆریستی بووە و داعش لە پشتی بووە وەك تۆڵەسەندنەوە و لێكۆڵینەوە بەردەوامن بۆ دۆزینەوە تەواوی سه‌ره‌داوەكانی تاوانەكە".

ئاماژەشیكرد، "ھێزەكانی ئەمنی رێوشوێنی توندیان لە تەواوی ناوچەكانی باشووری تكریت گرتووەتەنەر بۆ گەڕان بەدوای ئەنجامدەرانی ھێرشەكە و دەستگیركردنیان".