سبه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ دۆخی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ دەكۆڵێتەوه‌

لەم کۆبونەوەیەدا ژمارەیەک بڕیار و راسپاردە دەردەچن بۆ چارەسەری کێشەکانی ھەڵەبجە

ھەڵەبجە
ھەڵەبجە

K24- ھەولێر:

کیمیابارانی ھەڵەبجە پێ دەنێتە سی و سێ ساڵەوە، بەڵام تا ئێستا پارێزگای ھەڵەبجە چەندین كێشەی ھەیە، بەشێک لەو كێشانە پێوستیان بە یاسا ھەیە و بەشێکی دیکەشیان بڕیاری حکومەتیان پێوستە بۆ چارەسەركردنیان.

لە ساڵیادی کیمیابارانی ھەڵەبجە کێشەکانی پارێزگای ھەڵەبجە دەبرێنە ھۆڵی پەرلەمانی کوردستانەوە.

مونا قاوەچی، سکرتێری پەرلەمان گوتی: لەم کۆبوونەوەیەدا ژمارەیەک بڕیار و راسپاردە دەردەچن بۆ چارەسەری کێشەکانی ھەڵەبجە.

کێشەو گیروگرفتەکانی پارێزگای ھەڵەبجە له‌ راپۆرتێکدا ئامادە کراون کە 12 لەو داواکاریانە بۆ حکومەتی عێراقە بۆ چارەسەری کێشەکانی ھەڵەبجە، ئەوانی دیکەش بۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستان. بەشێک لە داواکارییەکان بۆ دۆزینەوەی منداڵە ونبووەکان و چارەسەری تەندرووستی بەرکەوتوانی چەکی کیمیاوییە و بە جینۆسایدناساندنی تاوانی ھەڵەبجەیە.

سەوسەن محەمەد میرخان، سەرۆکی لیژنەی شەھیدانی پەرلەمان گوتی: راپۆرتێک لە بارەی کێشەکان ئامادەکراوە.

لە چوارچێوەی ھەنگاوەکانی کابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ زیاتر خزمه‌تکردنی پارێزگای ھەڵەبجە، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە درووستکردنی چەندین پڕۆژەی ستراتیژی، لەوانە: درووستکردنی پردی تووەقوت، کە گەرمیان و هەڵەبجە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، 15 پڕۆژەی خزمەتگوزاری قیڕ، گەیاندنی ئاو لە سنووری شارەوانیی هەڵەبجە، گەیاندنی کارەبا و دانانی وێستگە بۆ 9 شوێنی جیاواز لە سەنتەری شاری هەڵەبجە، نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شەهیدان و تەواوکردنی بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆی هەڵەبجە.