شه‌ڕی ده‌سته‌ویه‌خه‌ له‌نێوان په‌رله‌مانتارانی كورد و عه‌ره‌ب له‌ په‌رله‌مانی عێراق روویدا

په‌رله‌مانتارێكی پارتی ورده‌كاری شه‌ڕه‌كه‌ بۆ كوردستان24 ده‌خاته‌ڕوو
نه‌هرۆ ره‌واندزی، په‌رله‌مانتاری پارتی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق
نه‌هرۆ ره‌واندزی، په‌رله‌مانتاری پارتی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق

K24- به‌غدا:

له‌ هۆڵی په‌رله‌مانی عێراق ده‌مه‌قاڵێ له‌ نێوان په‌رله‌مانتارێكی كورد و په‌رله‌مانتارێكی عه‌ره‌ب له‌باره‌ی پشكی هه‌رێم له‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتیدا روویدا، به‌مه‌ش گرژی له‌ناو هۆڵی په‌رله‌مان درووست بوو.

شڤان جه‌باری، په‌یامنێری كوردستان24 له‌ به‌غدا رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر پشكی كورد له‌ بودجه‌ی گشتی عێراق، ده‌مه‌قاڵێ و شه‌ڕی ده‌سته‌ویه‌خه‌ له‌ نێوان ناسر هه‌ركی، په‌رله‌مانتاری كورد له‌ فراكسیۆنی پارتی و یوسف كیلابی، كه‌ پێشتر سه‌ر به‌ كوتله‌ی نه‌سری سه‌ر به‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی بوو و ئێستا په‌رله‌مانتارێكی سه‌ربه‌خۆیه‌، روویدا و به‌و هۆیه‌وه‌ گرژی له‌ناو هۆڵی په‌رله‌مان دروست بوو.

شڤان جه‌باری گوتیشی: كیلابی یه‌كێكه‌ له‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی كه‌ هه‌میشه‌ له‌ په‌رله‌مان له‌ دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كوردستان كار ده‌كات، وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، ئێستاش له‌ دژی پشكی هه‌رێم له‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ چه‌ند قسه‌یه‌كی كردوون و په‌رله‌مانتارانی كوردی هه‌راسان كرد، به‌تایبه‌ت په‌رله‌مانتارانی پارتی و به‌ دیاریكراویش له‌گه‌ڵ دكتۆر ناسر هه‌ركی، بڕیارده‌ری لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری و نه‌هرۆ ره‌واندزی، په‌رله‌مانتاری پارتی بووه‌ ده‌مه‌قاڵێیان و شه‌ڕی ده‌سته‌ویه‌خه‌ له‌نێوانیان روویدا، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ پشێوی له‌ناو هۆڵی په‌رله‌مان دروست بووه‌.

له‌باره‌ی ئه‌و رووداوه‌ش، له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان24، نه‌هرۆ ره‌واندزی، په‌رله‌مانتاری پارتی ورده‌كاری ئه‌و گرژیانه‌ی ئاشكرا كرد و گوتی: "له‌ ده‌ستپێكی ئه‌و شه‌ڕه‌ كیلابی دواكه‌وتنی نه‌گه‌یه‌شتنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ بۆ په‌رله‌مان خسته‌ ئه‌ستۆی هه‌رێمی كوردستان، به‌وه‌ی گوایا به‌هۆی بڕگه‌كانی تایبه‌ت به‌ پشكی هه‌رێم له‌ پڕۆژه‌یاساكه‌دا تا ئێستا نه‌توانراوه‌ پڕۆژه‌یاساكه‌ ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكرێت، به‌ڵام ئێمه‌ وه‌ك په‌رله‌مانتارانی كورد موداخه‌له‌مان كرد و رامانگه‌یاند، كه‌ ئه‌مه‌ راست نییه‌ و ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین كه‌ هه‌رچی زووه‌ پڕۆژه‌یاساكه‌ بگاته‌ په‌رله‌مان".

هه‌روه‌ها گوتی: "دوای ئه‌وه‌ ده‌مه‌قاڵێ له‌نێوان من و كیلابی روویدا، به‌ڵام په‌رله‌مانتارنی دیكه‌ هاتنه‌ نێوانمان، دواتر كیلابی هاته‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ش په‌رله‌مانتارانی دیكه‌ی كوردی هه‌راسان كرد، ئێمه‌ش وه‌ك نیشاندانی په‌یامێك كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قبووڵی ئه‌و سنووربه‌زاندنه‌ بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ناكه‌ین، رووبه‌ڕووی بووینه‌، به‌ڵام ئێمه‌ به‌ "ئه‌خلاق، مه‌بده‌ء و ئیحترام" مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ین".

له‌باره‌ی هه‌وڵه‌كانی حه‌سه‌ن كیلابی له‌كاتی تێپه‌ڕاندنی پڕۆژه‌یاسای پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی بودجه‌ش، كه‌ كاری بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرد، به‌بێ كورد پڕۆژه‌یاساكه‌ تێپه‌ڕێندرێت، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی پارتی جه‌ختی كرده‌وه‌، ئه‌وه‌ به‌هۆی هه‌وڵه‌كانی یوسف كیلابی نه‌بوو كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ تێپه‌ڕێندرا، به‌ڵكو چه‌ند كوتله‌یه‌كی دیكه‌ی په‌رله‌مانی له‌پشته‌وه‌ بوون، دووپاتیشیكرده‌وه‌، "ئه‌و په‌رله‌منتارانه‌ی پشێوی ده‌نێنه‌وه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌موویان ترسێكی گه‌وره‌یان له‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوه‌خته‌ هه‌یه‌، هه‌ربۆیه‌ش ئه‌وانه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ په‌له‌قاژه‌ و هه‌رجاره‌ و به‌لای حزبێكدا ده‌چن، ئه‌گینا هیچ كامێكیان ئه‌و كاریگه‌رییه‌یان نییه‌، كه‌ بتوانن كار له‌ بڕیاره‌كانی په‌رله‌مان بكه‌ن".

هه‌روه‌ها ئاشكرایكرد، "له‌ ده‌ستپێكی شه‌ڕه‌كه‌ له‌ كافیتێریا، كیلابی هێرشی كرده‌ سه‌ر خاتو ئیخلاس، به‌ڵام ناسر هه‌ركی وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و شه‌ڕی ده‌سته‌وخه‌ له‌نێوانیان روویدا" و جه‌ختیشی كرده‌وه‌، "بۆ ئه‌و ره‌فتاره‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ نواندی، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ كیلابی قبووڵ ناكه‌ین و ده‌بێت داوای لێبوردن بكات".

H.B