ئیبراھیم گوچلو: دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆ كۆتایی بە سایكس پیكۆ دێنێ
"پێویستە كوردان لە پارچەكانی دیكەش پشتیوانی بكەن"
K24 – ئامەد
رۆشنبیرێكی كورد لە باكووری كوردستان دەڵێ ئێستا كورد دەرفەتێكی مێژوویی لە بەردەمدایە و پێویستە سوود لەو دەرفەتە وەربگیرێت بە راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ لە باشووری كوردستان ئەو رێككەوتننامەیە بە تەواوی كۆتایی دێت.
لە میانی بەشداریكردنی لە گەشتی ھەواڵەکانی (كوردستان24) ئیبراھیم گوچلو، رۆشنبیری باكووری كوردستان گوتی: "راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی لە باشووری كوردستان رێككەوتنامەی سایكس پیكۆ كۆتایی دێت، بەمەش باشووری كوردستان دەتوانێت پێشەنگی ھەر چوار پارچەی كوردستان بێت و سایكس پیكۆ شوێنەواری نامێنێ لە كوردستان، راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی لە باشووری كوردستان زۆر گرنگە و دەبێ كوردان لە باكوور و رۆژئاوا و رۆژھەڵات پشتیوانی لێ بكەن".
گوتیشی: "بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لە باشووری كوردستان دەبێ ھەموو پارتە سیاسییەكان یەك ھەڵوێست و یەك بڕیاربن، نەچنە ژێر كاریگەری وڵاتانی دراهاوسێ بە تایبەت خۆیان رزگار بكەن لە ژێر كاریگەری ئێران، ھەموو بە یەك دەنگ لە ریفراندۆم بڵێن سەربەخۆییمان دەوێت".