خوشكی سەرۆكی كۆریای باكوور نامەیەك ئاراستەی ئەمەریكا دەكات و ھۆشداری دەداتە باشوور لە "پرۆڤەی شەڕ"
ھەڕەشەی رەتكردنەوەی رێككەوتنی سەربازی نێوان ھەردوو كوریا لە ساڵی 2018 كرد
K24 – ھەولێر:
بیونگ یانگ رەخنەی لە راھێنانە سەربازییە ھاوبەشەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكان و كۆریای باشوور گرت و ھەڕەشەی رەتكردنەوەی رێككەوتنی سەربازی نێوان ھەردوو كۆریا لە ساڵی 2018 كرد و نامەیەكی ئاراستەی واشنتن كرد.
كیم یو-جۆنگ، خوشكی سەرۆكی كۆریای باكوور، كیم جۆنگ و جێگری یەكەمی سەرۆكی لیژنەی ناوەندی پارتی كرێكاران، ئەمڕۆ سێشەممە سەركۆنەی راھینانە سەربازییە ھاوبەشەكانی نێوان واشنتن و كۆریای باشووری كرد و بە "پرۆڤەی شەڕ دژ بە باكوور" ناوی برد.
كیم گوتی: "پرۆڤەی شەڕ، كە كۆریای باكوور دەكاتە ئامانج، ھەرگیز ناگۆڕێت و جیاوازیی تێدا نییە، ئەگەر 50 كەس یان 100 كەس بەشداری تێدا بكات" لە ئاماژەیەكدا بۆ كەمكردنەوەی راھێنانەكانی نێوان واشنتن و سیئۆڵ بە ھۆی بەربەستەكانی كۆرۆناوە.
كیم جەختیكردەوە لەوەی وڵاتەكەی لە نزیكەوە چاودێری رەفتاری كۆریای باشوور دەكات، ھۆشداریشیدا ئەگەر كارەكە زیاتر ھەراسانمان بكات، ئێمە دەتوانین رێوشوێنی تایبەت بگرینەبەر وەك رەتكردنەوەی رێككەوتنی سەربازی لە نێوان ھەردوو كۆریادا بۆ كەمكردنەوەی گرژییەكانی سنووری نێوانیان، كە لە ئەیلوولی 2018 واژووكراوە.
گوتیشی: "ھیچ بژاردەیەك لە پێشمان نییە، جگە لەوەی پرسی ھەڵوەشاندنەوەی لیژنەی یەكگرتنی ئاشتیی نیشتیمان لە كۆریای باكوور (كە رێكخراوێكی دانوستانە لەگەڵ كۆریای باشوور) بخەینە ناو خشتەی كاتدا".
كیم بەردەوام بوو لە قسەكانی و گوتی: "دەسەڵاتدارانی كۆریای باشوور، كە وەك دوژمن رەفتارمان لەگەڵ دەكەن، پێویستیان بە ھیچ ھاوكاری و ئاڵوگۆڕكردن لە ئایندەدا نییە، بۆیە پێداچوونەوە دەكەین بە ھەڵوەشاندنەوە ئەو رێكخراوانەی پەیوەستن وەك نووسینگەی گەشتوگوزاری نێودەوڵەتیی ھاوینگەی چیای كۆمكانگ لە كۆریای باكوور".
ھەروەھا كیم رەخنەی لە ئیدارەی نوێی جۆ بایدن گرت لەبارەی ئەنجامدانی راھینانی سەربازی ھاوبەش، لە نامەیەكەدا كە یەكەم جارە كۆریای باكوور بەم شێوە ئاراستەی ویلایەتە یەكگرتووەكان دەكات، لەوەتەی ئەم ئیدارە نوێیە لە كانوونی دووەم دەستبەكار بووە، بەپێی ئەوەی ئاژانسی "یونھاب"كۆریای باشوور گواستوویەتیەوە.
ئەم راگەیاندراوەی كیم دوای رۆژێك ھات لە سەردانی ھەردوو وەزیری دەرەوە، ئەنتۆنی بلینكن و وەزیری بەرگری ئەمەریكا، لوید ئۆستن بۆ كۆریای باشوور.
كۆریای باشوور و ویلایەتە یەكگرتووەكان لە میانی لە 8ی ئادار دەستیان بە راھێنانی سەربازی ھاوبەش كردووە بەشێوەیەكی كەمكراوە لە میانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و تا 18ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.