بۆچی هۆڵندییەکان باڵا بەرزترینن؟

جیاوازی عێراق و هۆڵەندا لە رووی بەرزی باڵا چەندە؟

چەند هاووڵاتییەکی هاووڵاتی
چەند هاووڵاتییەکی هاووڵاتی

K24- هەولێر:

د. ئیرینی مارۆلی، مامۆستای بایۆلۆژی لە زانکۆی کوین ماری لە لەندەن بە کەناڵی بی بی سی گوتووە، بەرزبوونی باڵای مرۆڤ بەشێوەیەکی پێوانەیی زیادیکردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ماوەی دوو سەدەی رابردوو، باڵای مرۆڤ بەردەوام لە بەرزبوونی زیاتر بووە.

مارۆلی لە بارەی جیاوازی نێوان باڵای مرۆڤی ئێستا و مرۆڤ 100 ساڵ لەمەوبەر دەڵێت، بە گشتی لە جیهان، باڵای مرۆڤ بە رێژەی 5٪ـی زیاتر بەرزبووە.

لە نێزەرلاندس (هۆڵەندا) لە ماوەی دوو سەدەی رابردوو، بەرزیی باڵا 20 سانتیمەتر زیایکردووە.  

بێن کواتیس، نووسەری کتێبی بۆ چی هۆڵەندییەکان جیاوازن: گەشتێک بۆ دڵە نهێنییەکەی نێزەرلاندس لەو بارەوە دەڵێت: "خواردنی هۆڵەندییەکان زیاتر ئەو خۆراکانەن کە هاوکاری گەشە دەکەن، بەتایبەت کالیسۆم و پرۆتین''.

دەشڵێت: "بیردۆزی پەرەسەندن لەسەر هۆڵەندییەکان بە تەواوی کاری خۆی کردووە و یەکێک لە هۆکارەکان بۆ جینات دەگەڕێتەوە، ئەمەش جیا لە شێوازی ژیان و سیستمی تەندروستی و ژینگەی وڵاتەکە''.

بەرزی باڵای پیاوان لە هۆڵەندا بە شێوەیەکی تێکڕایی، 182.5 سانتیمەترە و خانمیش 168.5 سانتیمەترە. بەمەش بوونەتە باڵا بەرزترین نەتەوە لەسەر زەوی.

لە وڵاتێکی وەکو عێراق، کە سیستمی تەندروستی، شێوازی ژیان و خواردن وەک پێویست نییە، تێکڕایی بەرزی باڵای پیاوان 165.4 سانتیمەترە و خانمانیش، 155.8 سانتیمەترە.