بارزانی: سایکس پیکۆ کۆتاییهات و پێویستە ناوچەکە دووبارە دابڕێژرێتەوە

"ئێمە بەرپرس نین لە پارچە پەرچە بوونی، ئەوانی دیکە پارچە پارچەیان کرد"

K24-هەولێر

سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعوود بارزانی رایگەیاند سایکس پیکۆ کۆتاییهات و پێویستە ناوچەکە دووبارە دابڕێژرێتەوە و ئێمە بەرپرس نین لە پارچە پەرچە بوونی، ئەوانی دیکە پارچە پارچەیان کرد.

مەسعوود بارزانی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بی بی سی گوتی: "تەنیا من نیم وا دەڵێم، لەراستیدا سایکس پیکۆ شکستیهێنا و کۆتاییهات، پێویستە ناوچەکە دووبارە دابڕێژرێتەوە، من زۆر گەشبینم کە بەرێگەی ئەو داڕشتنەوە نوێیە کورد داواکاریی مێژوویی و مافی خۆیان لە سەربەخۆبوون دەستەبەر دەکەن".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "لە سەردەمی پێکهێنانی عێراقەوە لە میانی جەنگی جیهانیی یەکەم بە ئەزموونێکی تاڵ تێپەڕین. هەوڵماندا یەکپارچەیی عێراق بپارێزین، بەڵام ئێمە بەرپرس نین لە پارچە پەرچە بوونی، ئەوانی دیکە پارچە پارچەیان کرد".

بارزانی ئاماژەش دەکات: ئێمە نامانەوێ ببینە بەشێک لە بێسەرووبەری و ئەو کێشانەی کە لە هەموو لایەکەوە دەوری عێراقیان داوە و هاندەری سەربەخۆبوون زۆر راستەقینەیە و ئەو ئامادەکارییانە بە هێزەوە بەرەو پێش دەچن، هەنگاوی یەکەم دەبێ "دانووستانی راستەقینە" بێ لەگەڵ حکوومەتی عێراق بۆ گەیشتن بە تێگەیشتنێک و چارەیەک بە ئاراستەی ئەوەی کە ناوی "جیابوونەوەی ئاشتییانەی" لێدەنێن.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان باس لەوەش دەکات: ئەگەر ئەوەش ئەنجامی نەبوو پێویستە لەسەر کورد تاکلایەنانە بەرەو ئەنجامدانی ریفراندۆم لەبارەی سەربەخۆبوونەوە هەنگاو بنێن.

بارزانی لەبارەی راگەیاندنی سیستمی فیدڕاڵی لە رۆژئاوای کوردستان گوتی: "هەنگاوێکی پێویستە، چونکە هەموو هەوڵەکان و ئەزموونەکانی پێشوو شکستیان هێنا. بۆیە ئەگەر رەوشی ئێستا هاوکار نەبوو بۆ بەدیهێنانی سەربەخۆیی ئەوا هیچ دۆخێکی نییە رێگر بێ لە پێش داواکردنی ئەم مافە".

ئا: ئا ، ف