دژه ‌تیرۆری كوردستان وه‌ڵامێكی توندی ئه‌بو ئالاء ئه‌لوه‌لائی ده‌داته‌وه‌

دژه ‌تیرۆری كوردستان بۆ ئه‌بوئالاء ئه‌لوه‌لائی: رقوکینەتان بەرامبەر سەرۆك بارزانی لە 16ی ئۆکتۆبەر تاقی کردەوە، بەڵام شکست و سەرشۆڕیتان بۆ مایەوە

وێنه‌ی ره‌فتاره‌ وێرانكارییه‌كانی ئه‌بوئالاء ئه‌لوه‌لائی له‌ عێراق، فۆتۆگرافیك: دژه‌ تیرۆری كوردستان‌
وێنه‌ی ره‌فتاره‌ وێرانكارییه‌كانی ئه‌بوئالاء ئه‌لوه‌لائی له‌ عێراق، فۆتۆگرافیك: دژه‌ تیرۆری كوردستان‌

K24- هه‌ولێر:

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ له‌ په‌یجی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، دژه‌ تیرۆری كوردستان وه‌ڵامێكی توندی ئه‌بوئالاء ئه‌لوه‌لائی، ئه‌مینداری كه‌تائیب سه‌یدولشوهه‌دای سه‌ر به‌ حه‌شدی شه‌عبی دایه‌وه‌ و روو له‌ وه‌لائی دووپاتی كرده‌وه‌، "نە نوێنەرایەتی عێراق دەکەن و نە خاوەنی هیچ پێگەیەکی فەرمین، تیرۆریستێكی ترسنۆکن کە لەسەر خواستی ئاغاکانتان وڵات وێران دەکەن".

ده‌قی وه‌ڵامی دژه ‌تیرۆری كوردستان بۆ ئه‌مینداری كه‌تائیب سه‌یدولشوهه‌دا:

نە نوێنەرایەتی عێراق دەکەن و نە خاوەنی هیچ پێگەیەکی فەرمین، تیرۆریستێكی ترسنۆکن کە لەسەر خواستی ئاغاکانتان وڵات وێران دەکەن و هەر رۆژەو لە شوێنێك کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن، هاووڵاتیی سڤیل دەکەنە قوربانی و شوێنە گشتییەکان و فڕۆکەخانە مەدەنییەکان مووشەکباران دەکەن و پەلاماری هاوپەیمانان دەدەن.

وڵاتیك بودجەکەی بە دەست ئێوە بێت و ئێوە بڕیاری لەبارەوە بدەن، بێگومان ئەوە ئەنجامەکەیەتی، کە دەبێ ژیانی هاووڵاتیانی پڕ لە مەرگەسات بێت و لەژێر هێڵی هەژاریدا بژین و لەسەر زبڵەکانی لێواری شار بۆ ژەمێك خۆراك بگەڕێن.

رقوکینەتان لە بەرامبەر سەرۆك بارزانی لە 16ی ئۆکتۆبەر تاقی کردەوە، بەڵام شکست و سەرشۆڕیتان بۆ مایەوە.

دژە تیرۆری کوردستان

H.B