بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر: چارەسەری نموونه‌یی قه‌یرانی سووریا به‌ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی داگیركه‌ران ده‌بێت

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر داوا لە ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات لیژنەیەكی بەدواداچوونی نێودەوڵەتی بۆ لێكۆڵینەوە لە تاوانه‌كانی توركیا پێكبھێنێت

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر: چارەسەری سووریا بەدەرخستنی تەواوی داگیركارەكان و یەكگرتنی تەواوی گەل دەكرێت
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر: چارەسەری سووریا بەدەرخستنی تەواوی داگیركارەكان و یەكگرتنی تەواوی گەل دەكرێت

K24 – ھەولێر:

بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان داوای لە گشت لایەنەكانی سووریا كرد، ھێزەكانیان یەكخەن بۆ دەركردنی تەواوی داگیركاران و "لە پێش ھەر ھەمووشیانەوە توركیا، كە ھەوڵەكانی چارەسەركردنی تەنگژەی سووریای لەباربرد"، با ئەوەش ببێتە دەرگایەك بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی سووریا.

لە راگەیاندراوێكدا، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، كە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە لاپەڕەی خۆی لە سەر فێسبووك بڵاویكردووەتەوە، ھاتووە، "داوا لە ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەین لیژنەیەكی بەدواداچوونی نێودەوڵەتی سەربەخۆ پێكبھێنێت بۆ لێكۆڵینەوە لەو تاوانانەی توركیا و گرووپە بەكرێگیراوەكانی لە ناوچەی عەفرین ئەنجامیانداوە و ھەروەھا بۆ ئاشكراكردنی چارەنووسی زیاتر لە 7 ھەزار مەدەنی، كە بەزۆرملێ بێ سەروشوێن كراون و كار بكرێت لە پێناو گەڕاندنەوەی خەڵكە رەسەنەكەی ئەوێ بە شێویەكی ئارام و قەرەبووكردنەوەیان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی تەواوی ھاوردەكراوان و لابردنی دیاردەكانی داگیركاری".

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە راگەیاندراوەكەدا جەختیكردووەتەوە، "ئێمە لە سۆنگەی بڕوامانەوە بە یەكێتی خاكی سووریا و پابەندبوونمان بە پاراستنی یەكێتی وڵات و رزگاركردنی لە تەواوی جۆرەكانی داگیركاری، داوا لە گشت لایەنەكانی سووریا دەكەین ھێزەكانیان یەك بخەن بۆ ده‌ركردنی تەواوی داگیركاران و بەر لە ھەمووشیان توركیا، كە ھەوڵەكانی چارەسەركردنی تەنگژەی سووریای له‌باربرد و نەھامەتی خەڵكی سووریای قۆستەوە بۆ ئەوەی بیانكات بە كرێگیراو و سەربازی بەردەست، لە پێناو بەرژەوەندییە فراوانخوازەكانی لە ناوچەكەدا.. با ئەوەش ببێتە دەرگایەكی نموونەیی بۆ چارەسەركردنی تەنگژەكە و كۆتاییھێنان بە تراژیدیای گەلی سووریا، كە بە یەكگرتنی تەواوی سووریاییەكان و جەختكردنەوە لەسەر ھاوبەشەكانیان و یەكێتی چارەنووس دەكرێت، بەبێ جیاوازی و بەبێ لایەنگیری، ھەروەھا بە رێگای جێبەجێكردنی راستەقینەی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش ژمارە 2254 و رزگاركردنی وڵات لە سەركوتكاری و دابەشبوون".