ئەڵمانیا: ھەڵمەتی ئەنقەرە دژ بە ھەدەپە گومان دەخاتە سەر سەروەری یاسا لە توركیا

"لە ھەر دیموكراتییەتێكدا، قەدەغەكردنی پارتێك، دەبێت دوا پەنابردن بێت"

ئەڵمانیا: ھەڵمەتی ئەنقەرە دژ بە ھەدەپە گومان دەخاتە سەر سەروەری یاسا لە توركیا
ئەڵمانیا: ھەڵمەتی ئەنقەرە دژ بە ھەدەپە گومان دەخاتە سەر سەروەری یاسا لە توركیا

K24 – ھەولێر:

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەڵمانیا، سەركۆنەی ھەڵمەتی ئەمنیی ئەنقەرەی كرد دژ بە پارتی گەلانی دیموكراتیك (ھەدەپە) لە توركیا و ھۆشداریدا لەوەی ئەو ھەنگاوە گومان دەخاتە سەر سەروەری یاسا لەو وڵاتەدا.

 گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا گوتی: "لە ھەر دیموكراتییەتێكدا، قەدەغەكردنی پارتێك، دەبێت دوا پەنابردن بێت. پرسی پارتی گەلانی دیموكراتیك گومانێكی زۆر دەخاتەوە لەبارەی گونجانی" كاردانەوەی دەسەڵاتدارانی توركیا لەبەرامبەر ئەو ھەڕەشەی ھەیە، دوای ئەوەی داواكارێكی گشتی توركیا داواكارییەكی پێشكەش بەدادگای دەستووری كرد بۆ قەدەغەكردنی ئەو پارتەیە.

ئاژانسی ئەنادۆڵ رایگەیاندبوو، داواكاری گشتی توركیا، داواكارییەكی بۆ دادگای دەستووری بەرز كردووەتەوە، تێیدا داوایكردووە پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە) قەدەغەبكرێت.

ئەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵ ھەدەپە ئەوەیە "ئەندامانی ئەو پارتە لە میانی رەفتار و كرداریان، شكاندنی یەكێتی دەوڵەت لەگەڵ گەلی توركیایان كردووەتە ئامانج".

سەرۆكی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەو حزبە بە "باڵی سیاسی" پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) دادەنێت، كە ئەنقەرە وەك تیرۆریست پۆلینیكردووە.

پەروین بۆڵدان، یەكێك لە سەركردەكانی ھەدەپە بە ئاژانسی رۆژنامەوانی فەرەنسای گوتووە: "ئایا لە حاڵەتی قەدەغەكردنی حزبەكەمان ئێمە واز لە سیاسەت دێنین؟ بێگومان نا.. زۆر جێگرەوەی دیكە ھەنە".

گوتیشی: "لە رابردوودا حزبەكانمان قەدەغەكران و چەندین حزبی دیكەمان درووستكرد.. ھەموو جارێكیش رێزەكانمان بەھێزتر كردووە".