پلاسخارت: کاتی ئاهەنگگێڕانە، بەڵام بە پابەندبوونی تەواوەوە
نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان جەژنی نەورۆز لە گەلی كورد پیرۆز دەكات
K24 – ھەولێر
نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەبۆنەی جەژنی نەرورۆزەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، کاتی ئاهەنگگێڕانە، بەڵام بە پابەندبوونی تەواوەوە بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا.
خاتو جینین هێنیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە پەیامەكەیدا نووسیویەتی، نەورۆز، کە ئاماژەی تازەبوونەوە ژیانە، هاوکاتە لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار و هێنانی هیوا دوای ساڵێکی سەخت و دژوار.
لە کاتێکدا کە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای کۆڤید19 بەسەختی سەرتاپای جیهانی داگرتووە، هەڵمەتێکی جیهانی پێکوتە (ڤاکسین)یش دەستی پێکردووە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لەم مانگەدا پاپا فرانسیسی پاپای ڤاتیکان سەردانێکی مێژوویی بۆ عێراق ئەنجامدا و پەیامی ئاشتی و هیوا و لێبوردەیی و پێکەوەژیانی بۆ وڵاتێک راگەیاند کە دەوڵەمەندە بە فرەیی ئاینی بەڵام بریندار بەهۆی شەڕ و توندوتیژییەوە.
راشیگەیاند، ئەم هیوا تازەیە دەبێ لەگەڵ هەوڵەکان بۆ ئایندەیەکی باشتر ئاوێتە بکرێت. بەدڵنیاییەوە چارەسەر بە گیانی یەکڕیزیی نیشتمانی و بڕیاری شێلگیرانەی راستەقینەی تێکەڵ بە ویستی سیاسیی تەواوەوە دەکرێ و بگرە پێویستیشە بەدەست بێت.
پلاسخارت، ئەوەشی خستووەتەروو، کاتی ئاهەنگگێڕانە بەڵام بە پابەندبوونی تەواوەوە بە رێکارە خۆپارێزییەکانی کۆڤید19 کە خۆی لە بەستنی دەمامک و دوورپارێزی کۆمەڵایەتی و پەیڕەوکردنی پاکڕاگرتنی تەندروستیی و شۆردنی دەست خۆی دەبینێتەوە. لە ساڵی 2021، رۆژی جیهانیی نەورۆز لەلایەن ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە راگەیەندرا. شایانی باسە، نەورۆز بۆ ئەو گەل و نەتەوانەی یادی دەکەنەوە مێژوویەکی کاتئاسای دوورودرێژ و کۆنی هەیە. من بەم بۆنەیەوە گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی خەڵکی کورد و هەموو ئەو گەلانە دەکەم کە ئەم یادە دەکەنەوە.